دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای گەیاند كە دوای بەدواداچوونەكانیان، وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی فیدراڵی ناچار كراوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستە كشتوكاڵییانە جێبەجێ بكات كە لە چوارچێوەی بەعەرەبكردندا درابوون بە عەرەبی هاوردە لە سنووری كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی تر.
شاخەوان عەبدوڵا لە راگەیەنراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی حەوتی نۆڤێمبەری 2025، بڵاوی كردووەتەوە نووسیوویەتی: گوتمان بێدەنگ نابین تا ئەو كاتەی تەواوی زەوی جووتیارانی كورد دەگەڕێتەوە و گرێبەستی هاوردە پووچەڵ دەبێتەوە. هەروەها ئاشكرای كرد كە دوای گەیشتنی زانیاری بەوەی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی كەركووك بە نایاسایی بەردەوامە لە نوێكردنەوەی گرێبەستی عەرەبی هاوردە، سێ نووسراوی فەرمیی ئاراستەی وەزیری كشتوكاڵ كردووە.
بەپێی نووسراوێكی فەرمی كە لەلایەن شاخەوان عەبدوڵا، لە 16ی ئەیلوولی 2025 ئاراستەی وەزیری كشتوكاڵ كراوە و وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، داوا كراوە كە وەزارەت رێنوێنی بەڕێوەبەرایەتیی كشتوكاڵی كەركووك بكات بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانەی كە بەپێی یاسای ژمارە (سێ)ی ساڵی 2025 پووچەڵ كراونەتەوە. نووسراوەكە دووپاتی كردووەتەوە كە نوێكردنەوەی ئەو گرێبەستانە پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسایە.
لە وەڵامدا، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە نووسراوێكدا كە لە 19ی ئەیلوولی 2025 بە واژووی دكتۆر مەهدی سەحەر جبووری، بریكاری وەزارەت دەرچووە، فەرمانی بە فەرمانگەی زەویوزار كردووە كە بەڕێوەبەرایەتییەكانی كشتوكاڵی كەركووك، دیالە و سەڵاحەدین ئاگادار بكاتەوە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانە و داوای لێكۆڵینەوەی وردی لە بابەتەكە كردووە.
شاخەوان عەبدوڵا دووپاتی كردەوە كە بەپێی یاسا، ئەو گرێبەستانە هەڵوەشاونەتەوە و پێویستە زەوییەكان بگەڕێنەوە بۆ خاوەنە ڕەسەنەكانیان.