یەكگرتوو و كۆمەڵ و سۆسیالیست و نەوەی نوێ لە كەركووك زیان لە كورد دەدەن

:: AM:09:45:08/11/2025 ‌
هەموو ئەو هێزە كوردییانەی لە دەرەوەی پارتی و یەكێتی و لە كەركووك پاڵێوراویان هەیە، بەهیچ شێوەیەك كورسی بەدەست ناهێنن و بەمەش رێژەیەكی زۆر دەنگی كورد لە شارەكە دەفەوتێنن.

یەكگرتوو و كۆمەڵ و سۆسیالیست و نەوەی نوێ  لە كەركووك، بەلیستی جودا بەشداری هڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیان كردووە، ئەم هەنگاوەشیان زیانی زۆر بەدەنگی كورد لە شارەكە دەگەیەنێت.

هەڵشۆ عەبدولفەتاح شارەزای كاروباری هەڵبژاردن، لەبارەی بەشداریی ئەو هێزانە و زیانەكانی بۆ كورد گوتی، سیفەتی ئەو هەڵبژاردنە ئەوەیە كە هێز و لایەنە سیاسییەكانی كە دەنگدەریان سنووردارە، گومان هەیە بگەن بە كورسییەك، بۆیە دەبێت تەكنیكێك بەكار بهێنرێت بۆ ئەوەی پێشبڕكَی بەدەستهێنانی كورسی بكەیت.

ئەوەشی گوت، بەداخەوە لە ناوچە دابڕێنراوەكان كە كورد تێیدا بەڕێژەی جیاواز ئامادەبوونی هەیە، نەتوانراوە یەكدەنگ بن بۆ ئەوەی پێشبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی زۆرترین كورسی بكەن. بەمەش دەنگی زۆری كورد دەفەوتێنن.

چاودێرانی سیاسی ئەم هەنگاوانەی ئەو حزبە بەسەرسامییەوە باس دەكەن و پێیان وایە، هەنگاوی زۆر مەترسیدارن و خۆشیان دەزانن كورسی بەدەست ناهێنن، بەڵام سوورن لەسەر ئەوەی هەر لایەكیان رێژەیەك دەنگی كورد بسووتێنێت.


جێگەی ئاماژەیە، وا بڕیارە 11ـی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە بچێت، كۆمسیۆنیش بەردەوامە لە ئامادەكارییەكانی بەمەبەستی سەرخستنی پرۆسەكە، كورد چاوی لەوەیە ئەمجارە دەنگەكانی لە كەركووك زیاد بكات.




وشە - سۆران عەزیز