بەفر و باران دەبارێت و سەرمای سەخت بەڕێوەیە

:: PM:01:02:08/11/2025 ‌
شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت، شەپۆلێكی بارانبارینی سەرانسەری بەڕێوەیە و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان ئەگەری بەفربارین هەیە.

ئەمڕۆ شەموو هەشتی تشرینی دووەم، هەڤاڵ سدیق گەڵۆزی شارەزای كەشناسی، بە "وشە"ـی راگەیاند، شەپۆلێكی بارانبارینی سەرانسەری بەڕێوەیە، لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكان ئەگەری بەفربارین هەیە، ئەویش بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەكی ساردی شێدار، پلەكانی گەرما دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.

زیاتر گوتی، پێشبینییە سەرەتاییەكانی كەشوهەوا دڵخۆشكەرن، گۆڕانكاریی باش ڕووی داو، لە ناوەڕاستی مانگەوە شەپۆلێكی بارانبارین بۆ سەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان دروست بووە.

ئاماژە بەوەش دەكات، گۆڕانكاری لە شەپۆلەكە بەردەوامە و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كاریگەریی شەپۆلەكە باشتڕ ڕوون دەبێتەوە، لەبارەی بڕ و جۆری بارانەكەی پێشبینی دەكرێت، شەپۆلێكی بارانبارینی باش بێت لە ئەنجامی یەكگرتنی دوو نزمە پاڵەپەستۆ دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست، ئەگەری ئەو بەرزە پاڵەپەستۆ بەهێزە تێكبشكێت، بڕێكی باشی شێی مەداری بێتە ناوچەكەمان، ئەگەری هەورەبروسكە و بارانبارینی باش هەیە لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەوە لە كاتێكدایە ئەمساڵ تا ئاستێكی زۆر بارانبارین دوا كەوتووە و ساڵانە تا ئەم كاتە نزیكەی 50 ملیم باران باریوە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستە باران نەباریوە.



وشە - رامیار جەواد