دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی پڕۆژەی داخستنی تێنووسەكان، قەرزی هەزاران هاووڵاتیی لە هەرێمی كوردستان دەداتەوە و چیتر دوكاندارەكان بانگیان ناكەن بۆ قەرزەكانیان.
لە هەرێمی كوردستاندا بە هەزاران خێزان لە رێگەی قەرزەوە لە ماركێت و دوكانەكان، كەلوپەل و پێداویستی رۆژانەیان بەدەست دەهێنن، بەهۆی ئەوەی كە مووچە لە كاتی خۆیدا نەدراوە و هەرێمی كوردستان لە ژێر فشارێكی گەورەی قەیرانی داراییدا بوو.
بەشێكی زۆر لەو هاووڵاتییانەی كە بەقەرز كاڵایان كڕیوە، توانای دانەوەیان نەبووە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی چارەسەری كێشەی بەشێك لەم هاووڵاتییانەی كرد و قەرزی بەشێك لە هاووڵاتییانی دایەوە.
مووسا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بە هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و چەندان بازرگانی ناوخۆیی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم پڕۆژەیەی جێبەجێ كرد و چەندان خێزان سوودمەند بوون.
لە پڕۆژەكەدا پێنج هەزار و ٧٧٣ خێزان سوودمەند بوون، لە ١١٥ دوكاندار قەرزیان كردووە و بڕی یەك ملیار و ٢٩ ملیۆن و ٩٥٥ هەزار دینار قەرز دراوەتەوە.