گەیلان سابیر، پەیامنێری کەناڵی کوردسات نیوز لە هەولێر، ئەمڕۆ شەموو دەست لەکار کێشانەوەی خۆی لەو کەناڵە ڕاگەیاند و دووپاتی کردەوە کە هیچ پێوەندییەكی بەو دەزگایە و حیزبەکەیەوە نەماوە.
سابیر لە نووسینێکدا کە لەژێر ناوی "دەست لەکارکێشانەوەم و دوو وتە" بڵاوی کردووەتەوە، هۆکاری وازهێنانەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە لە ئێستادا "دیسپلین و کارنامەیەکی ڕوون بۆ خزمەتکردن" لە سیاسەتی حیزبەکە و دەزگا میدیاییەکەیدا بەدی ناکات.
لە نووسینەکەیدا، گەیلان سابیر بەراوردکارییەک لەنێوان دوو هێزی سەرەکیی هەرێمی کوردستاندا دەکات و دەنووسێت:
یەکێکیان لە سلێمانی حوكمڕانییەکی شەلی هەیە و لە هەولێر ئۆپۆزسیۆنە، لە بەرانبەردا ئەوەی تر هەولێری بردووەتە قۆناغێکی تری ئاوەدانکردنەوە و "ئەگەر ڕێگری لێ نەکەن سلێمانیش ڕازاوە دەکات".
یەکێکیان پاشگری نیشتمانیی بە ناوەکەیەوە لکاندووە و لە بەغدا "کلکی لەگەڵ خەزعەلی و عامری و حەشد گرێ داوە"، بەڵام ئەوی تر خیتابێکی نیشتمانیی ڕوونی لە بەغدا هەیە و لەو ڕێگەیەوە هەوڵی باشترکردنی ژیانی خەڵک دەدات.
لەبارەی دۆخی تەناهییەوە نووسیویەتی، "لەسایە و سێبەری یەکیان، شار دەبێتە سەربازگە و کوڕی خەڵک بە دیل دەگرن و بە سووتاوی دەیدەنەوە کەسوکارەکەی"، لە کاتێکدا لە سایەی حوكمڕانیی ئەوی تردا شار ئارامە و هاووڵاتییان هەست بە ئاسایش و ئارامی دەکەن.
لە کۆتایی نووسینەکەیدا، سابیر بە ئاشکرا دەڵێت، تاکە هێزێکی کوردستان کە ڕابردووی هەبێت و داینەمۆی ئاوەدانیی کوردستان بێت، داهاتووی ڕۆشن و بەرچاو ڕوون بێت پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەڵێ تاکە هێز هەوڵی کوردستانێکی بەهێز بدات (پارتی)یە"