وەزارەتی ناوخۆ درۆن بۆ ئاگرکوژێنەوە بەکار دەهێنێت

:: PM:09:34:08/11/2025 ‌
ئەمڕۆ شەموو هەشتی نۆڤێمبەر، هێمن میرانی بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕای گەیاند كە وەزارەتەکەیان لە ئایندەیەکی نزیکدا درۆنی تایبەت بە کوژاندنەوەی ئاگر لە باڵەخانە بەرزەکان دەخاتە کار.

میرانی دووپاتی كردەوە، تیمێكی بەرگریی شارستانیی كوردستان دوای خولێكی ڕاهێنانی نزیكەی یەک مانگی، بڕوانامەی نێودەوڵەتییان لە بەكارهێنانی درۆنی ئاگركوژێنەوە وەرگرتووە و گەڕاونەتەوە.

ڕوونیشی كردەوە كە درۆنەكان كڕدراون و ئامادەن، نەک تەنیا پلان بن، بڕیارە لە کاتی پێویستدا بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان بەکار بهێنرێن.

ئەم هەنگاوە دوای دابینکردنی سێ تاوەری ئاگرکوژێنەوەی سەت مەتری دێت، کە بە بڕی سێ ملیۆن و 750 هەزار یۆرۆ لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کڕدراون. دوو لە تاوەرەکان گەیشتوونەتە هەولێر و سلێمانی و دانەیەکی تریش بۆ دهۆک بەڕێوەیە.


وشە - پۆڵا مەحموود