بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ شەموو ڕای گەیاند، کێشەی دابەشکردنی دوو مانگ جارێکی مووچەی کرێکارانی خانەنشینکراو چارەسەر کراوە و لەمەودوا مانگانە مووچەکانیان پێ دەدرێت.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، بەڕێوەبەرایەتییەکە دووپاتی کردەوە کە دوای چارەسەرکردنی گرفتە کارگێڕییەکان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووری، بڕیار دراوە کۆتا بە سیستمی دابەشکردنی دوو مانگ جارێکی مووچە بهێنرێت.
ئاماژە بەوەش دراوە کە هەفتەی ڕابردوو مووچەی مانگەکانی نۆ و 10ی کرێکارانی خانەنشین دابەش کراوە، هەر کەسێکیش مووچەکەی وەرنەگرتووە، دەتوانێت ڕۆژی یەکشەم سەردانی بانکی دیاریکراوی خۆی بکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی دڵنیایی دەدات کە بۆ مانگەکانی داهاتوو، پێش کۆتاییهاتنی هەر مانگێک دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت.
جێی باسە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 1000 کرێکاری خانەنشینکراو هەن، کە مووچەکانیان لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتییەوە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش دەکرێت.