دەنگدانی تایبەت دەستی پێ كرد

:: AM:08:49:09/11/2025 ‌
بەپێی ڕێنوێنییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دەنگدانی تایبەت بە بەشداریی زیاتر لە 1.3 ملیۆن دەنگدەر، لەوانە هێزە تەناهییەكان و ئاوارەكان، لە سەعات حەوتـی بەیانییەوە دەستی پێ كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی تشرینی دووەم، جومانە غەلای گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەست پێ كرد.

گوتەبێژی كۆمسیۆن ڕای گەیاند، دەنگدانی تایبەت بۆ هێزە تەناهییەكان لە سەعات حەوتی بەیانی تا شەشی ئێوارە بەڕێوە دەچێت، بە بەشداریی ملیۆنێك و 313 هەزار و 980 دەنگدەری سەربازی، كە بەسەر 809 بنكەی دەنگدان و 4,501 وێستگەی دەنگداندا دابەش كراون.

 ڕوونیشی كردەوە، دەنگدانی تایبەت بۆ ئاوارەكانیش لە هەمان ڕۆژ و كاتدا ئەنجام دەدرێت، بە بەشداریی 26,538 دەنگدەری ئاوارە لە 27 بنكەی دەنگدان كە 97 وێستگەی دەنگدانیان تێدایە.

جومانە غەلای دووپاتی لەوە كردەوە، كۆمسیۆن تەواوی ئامادەكارییە لۆجستی و هونەرییەكانی بۆ ئەنجامدانی دەنگدانی تایبەت لە كاتی دیاریكراودا تەواو كردووە، بەڵێنی پابەندبوونی كۆمسیۆنی بە دابینكردنی ژینگەیەكی هەڵبژاردنی ئارام و بێ كێشە بۆ مسۆگەركردنی پاكی و شەفافییەتی پرۆسەكە دا.


وشە - رامیار جەواد