پرۆپۆزەلی گواستنەوەی گشتیی شاری هەولێر دیزاینەكەی ئامادەیە

:: AM:09:08:09/11/2025 ‌
ئەندازیارێك رای دەگەیەنێت، هەولێر بۆ دامەزراندنی گواستنەوەی گشتی شێوەیەكی زۆرباشی هەیە، چونكە بەشێكی زۆری شەقامەكانی شێوەی بازنەییە، ئەوەیش بۆ دامەزراندنی هاتوچۆی گشتی زۆر ئاسانە.
 
ئەمڕۆ یەكشەم نۆی تشرینی دووەم، عومەر ئیبراهیم ئەندازیار، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای هەموو ئەو پڕۆژە سەركەوتوو و چاكانەی وەك (پڕۆژەی ڕووناكی) كارەبای 24 سەعاتی و چەندان پڕۆژەی گەشتیاری و ڕێگەوبان، ئێستەیش كاتی ئەم كارە هاتووە، وەك دیارە ئێمە ئێستە لە قۆناغی پێشكەوتن و گەشەكردنین و گواستنەوەی گشتیمان هەبێت.

زیاتر گوتی، دەبێت لە هەموو سێكتەرەكان ئەو پێشكەوتنە دیار بێت، كاتی هاتووە ئیتر هەولێریش وەك هەموو شارە پێشكەوتووەكانی دنیا، ببێتە خاوەنی سیستمێكی گواستنەوەی سەردەمیانە.

روونی كردەوە، لەم كاتەدا كارە قورس و گەورەكان دەتوانرێت بە ئەنجام بگەیەنرێت، بۆیە بە باش و پێویستمان زانی ئەم بیرۆكەیە بخەینە ڕوو، بە ئامانجی كوردستانێكی جوانتر و پێشكەوتووتر، ئەویش دامەزراندی گواستنەوەی گشتییە.

دەشڵێت، بیرۆكە ئامادەیە و دیزاینیشی ئامادەیە، ئەمەیش رۆڵی گرنگی دەبێت لە رێكخستنەوەی هاتوچۆی گشتی، بۆیە كاتێك بەرپرسان بیانەوێت، ئێمە بۆ خزمەتی هەولێر ئامادەین وەك تاكێك هاوكار بین.

ئاماژەی بەوەش كرد، بۆ شێوازی پارەدان و سەركەوتن و دابەزین، ئێستە خەڵكی ئامادەن، ئەوەیش بە بوونی ئینتەرنێت و كارتی بانكی و لەگەڵ چاپكردنی كارتی تایبەت بە گواستنەوەی گشتی.








وشە - رامیار جەواد