بەپێی پێشبینییەكانی شارەزایان و ئەو راپرسییانەی كراون، پارتی وەك هەمیشە هێزی یەكەمی كوردستان دەبێت و ژمارەی كورسییەكانیشی زیاتر دەبن، بەڕێژەیەكی زۆریش لە پێش هێزەكانی تری هەرێمەوە دەبێت، بەئەگەرێكی زۆریش یەكەمی سەر ئاستی عێراق دەبێت.
پێشبینی بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق رەنگە زۆر قورس نەبێت، سیستمی هەڵبژاردن سانت لیگۆ، فرەبازنەیی، رۆڵی هەیە لە یەكلاكردنەوەی كورسییەكان. كێشەی ئەم هەڵبژاردنە ئەوەیە دەكرێت دەنگی زۆر بەریت، بەڵام كورسی كەم بەدەست بێنیت.
بەپێی هەموو راپرسی و پێشبینییەكان، هێزە بچووكەكانی ئەم هەڵبژاردنە كورسی ناهێنن، بەتایبەت مەترسی ئەم هێزانە لە كەركووك ئەوەیە دەنگی كورد بەفیرۆ دەدەن و زیان بە پێگەی كورد لە كەركووك دەدەن.
بەپێی راپرسییەكی دەزگای سبەی، پارتی وەك هەمیشە یەكەمی كوردستان دەبێت و رێژەی دەنگەكانی گەلێك بەرز دەبنەوە، بەڵام بەهۆی سیستمی هەڵبژاردنەكە كورسییەكانی زۆر زیاد ناكەن.
پێشبینی بۆ هەڵبژاردن مەرج نییە وەك خۆی بكەونەوە، بەڵام نزیكی دەكاتەوە، چونكە هەڵبژاردنی پێشوو ماوەیەكی زۆر نییە كراوە و دەكرێت هەر بەوەی پێشوو خوێندنەوەش بۆ ئەم هەڵبژاردنە بكرێت.
بەپێی پێشبینییەكان پارتی كورسییەكانی زۆر زیاد ناكات، بەڵام دەنگەكانی گەلێك زیاتر دەبێت. یەكێتی دەنگەكانی كەم دەكات و كورسییەكانی وەك خۆی دەمێنێتەوە.
پارتی لە بازنەی هەولێر لە كۆی 16 كورسی، نۆ تا 10 كورسی بەكورسیی كۆتاوە، یەكێتی دوو كورسی. كورسییەكانی تر لە نێوان نەوەی نوێ و هەڵوێست و یەكگرتوو دەمینێتەوە.
پارتی لە بازنەی سلێمانی لە كۆی 18 كورسی، پێنجی دەبات و یەكێتی حەوت تا هەشت كورسی دەبات، كورسییەكانی تر لە نێوان نەوەی نوێ و هەڵوێست و یەكگرتوو دابەش دەبێت.
پارتی لە بازنەی دهۆك لە كۆی 12 كورسی نۆ تا 10 كورسی دەبات، یەكێتی كورسییەك، یەكگرتوو كورسییەك دەبەن.
لە كۆی 13 كورسیی كەركووك، پارتی سێ و یەكێتی بە كورسی كۆتاوە شەش كورسی دەبات، سەرجەم هێزە كوردییەكانی تر جگە لە دەنگ سووتاندن هیچ كورسییەك بەدەست نایەنن.
بەپێی راپرسییەكی ناوەندی توێژینەوەی سبەی، لەبارەی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ژمارەی پێشبینیكراوی كورسی پارتە كوردییەكان، پێشبینی ژمارەی كورسی و دەنگی پارتە سیاسییە بەشدارەكانی هەڵبژاردن و ژمارەی كورسییەكانیانی لەسەر ئاستی پارێزگاكانی هەرێم و ناوچە كوردستانییە دابڕاوەكانی دیاری كردووە.
هێشتا پارتی و یەكێتی دەنگی یەكەم و دووەمی هەڵبژاردنەكە دەبن، بەڵام چانسی هێزەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، دیار نییە و ئەگەری بردنەوەی كورسییان كەمە.
راپرسییەكەی ناوەندی توێژینەوەی سبەی لە رێكەوتی 1/9/2025 تا 2/10/2025 لەلایەن تیمێكی پێنج كەسییەوە ئەنجام دراوە. سەرجەم بەشدارانی ڕاپرسییەكە كورد بوون و لە ناوچە جیۆگرافییە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانەوە هەڵبژێردرابوون، كە 229 كەسیان لە ناوچە جێناكۆكەكان بوون.
بەپێی ئەنجامی راپرسییەكە، 11%ـی بەشداران هێشتا كارتی دەنگدانیان وەرنەگرتووەتەوە، یان دەریان نەكردووە كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی و پاشان هەولێر دێت.
بەپێی راپرسییەكە پارتە دەسەڵاتدارەكان بەتایبەت پارتی، هێشتا خاوەنی بنكەیەكی جەماوەریی فراوانە.
بەپێی دەرەنجامەكانی راپرسییەكەی ناوەندی توێژینەوەی سبەی، پارتی دیموكراتی كوردستان بە ڕێژەی 41.6% لە پێشەوەی لیستەكانی تر دێت، بەڵام ڕێژەیەكی بەرزی نادڵنیایی (25.4%) دەبینرێت، كە دەتوانێت كاریگەریی لەسەر ئەنجامی كۆتایی هەبێت. وەك لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پلەی دووەم دێت بە ڕێژەی 31%.