دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ كرد و فەرماندەیی لەشكری یەك و گوڵان گوتی: داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم ڕۆژی 11ـی 11 پێشمەرگەئاسا دەنگ بدەن.
مەنسوور بارزانی لە كاتی بەشداریكردنی لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا رای گەیاند، من وەك پێشمەرگەیەكی هەرێمی كوردستان، داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم لە ڕۆژی 11ـی 11 پێشمەرگە بن.
ئاماژەی بەوەش دا، هەر وەختێك هەرێمی كوردستان پێویستی بە بەرگریی هەبووبێت، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی بەرگریی كردووە و دەشڵێت: "ئەو ئارامی و تەناهی و ئاوەدانییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەرهەمی خوێنی شەهیدان و ماندووبوون و قوربانیدانی پیشمەرگە و هێزە تەناهییەكانی كوردستانە.
مەنسوور بارزانی باسی لەوەش كرد، هەركات هەرێمی كوردستان پێویستی بە بەرگریی پێشمەرگە هەبووبێت، پێشمەرگە لە بەرەی پێشەوە بوو، ئەوكاتەی پێویستی بەدەنگی پێشمەرگەش بووبێت، دیسانەوە هەر لە پێشەوە بووە.
راشی گەیاند، پێشمەرگە ئەو نوێنەرانەی خۆیان باوەڕیان پێیەتی هەڵیدەبژێرن، بۆ ئەوەی بچنە پەرلەمانی داهاتووی عێراق، تا ئەو مافانەی هەرێمی كوردستان كە لە دەستووردا هاتووە و پێشێل كراوە، بەدەست بهێننەوە، پەیامیشم بۆ خەڵكی كوردستان ئەوەیە لە ڕۆژی 11ـی 11 پێشمەرگە بن و دەنگ بەوانە بدەن كە باوەڕیان پێیەتی.
ئەمڕۆ یەكشەم نۆیـی تشرینی دووەمی 2025، دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ كرد و تا سەعات شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
بەپێی ئامارەكان یەك ملیۆن و 313 هەزار و 980 ئەندامی هێزە تەناهییەكان و 26 هەزار و 538 ئاوارە بەشداریی لە هەڵبژاردنی تایبەت دەكەن.
.