یەكێتی گومانی لە ئەندامانی هێزە سەربازییەكان هەیە و كاندیدانی ناردووەتە ناو بنكەكانی دەنگدانەوە

:: AM:11:38:09/11/2025 ‌
كاندیدانی یەكێتی چوونەتە بەردەم بنكەكانی دەنگدان و پێچەوانەی یاساكانی كۆمسیۆن، بانگەشە دەكەن و لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنە و ڤیدیۆیان بڵاو كرایەوە.

ئەمڕۆ لە دەنگدانی تایبەتدا لە سنووری سلێمانی، كاندیدانی یەكێتی لەناو بنكەكانی  دەنگدان دەبینرێن و بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی بڵاو كراونەتەوە، بانگەشە بۆ خۆیان و حزبەكەیان دەكەن و بەجۆرێك هێزەكان ناچار دەكەن دەنگ بدەن.

یەكێتی لە دوای دروستبوونی بزووتنەوەی گۆڕانەوە، بۆی دەركەوت هێزەكانی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش دەنگیان بە گۆڕان داوە و بەشێكیان دواتریش بەهێزەكانی تر دەدەن، بۆیە لەوكاتەوە چەندان میكانیزمی گرتووەتەبەر تا رێگری لەو هێزانە بكات دەنگ بەلایەن و كاندیدی دەرەوەی یەكێتی بدەن.

ئەوە لە كاتێكدا بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا، لیوا مەریوان هەمەوەندی فەرماندەی پشتیوانی دوو ڕای گەیاند، بڕوام بەوە نییە بە خەڵك بڵێیت بچێت وێنەی دەنگەكەی بگرێت، دەبێت متمانە هەبێت و خەڵك دەزانێت دەنگ بە كێ دەدات.

ئەم قسانەی ئەو بەرپرسە سەربازییە لە كاتێكدایە، رۆژانی رابردوو لە چەندان كۆبوونەوە، بەهێزەكانی ئەو سنوورە گوتراوە وێنەی دەنگدانەكەتان بگرن و نیشانمان بدەن تا بڕوا بكەین دەنگتان بە یەكێتی داوە.

لە سەیدسادق كاندیدێكی یەكێتی چووەتە بەردەم بنكەیەكی دەنگدان و پێچەوانەی یاساكانی كۆمسیۆن، بانگەشە دەكات و وێنە و ڤیدیۆیی بڵاو كراوەتەوە كە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی ئەو بنكەیە قسە دەكات.




وشە - وشه‌