بەرپرسێكی یەكێتی لە دهۆك: بە ئێمەیان گوت دەنگ بدەن بە رەیان كلدانی بۆیە چیتر یەكێتی نیم

:: PM:01:00:09/11/2025 ‌
بژار شێخ عوبێد جێگری مەڵبەندی چواری یەكێتی لە دهۆك چووە ناو ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و رای گەیاند، یەكێتی بە كادر و ئەندامانی سنووری دهۆك گوتووە، دەنگ بدەن بە رەیان كلدانی.

لە درێژەی ئەو سەتان كەسەی لەم رۆژانە لە حزبەكانی ترەوە چوونە ناو پارتی، بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم نۆی تشرینی دووەم، بژار شێخ عوبێد جێگری مەڵبەندی چواری یەكێتی لە دهۆك، چووە ناو ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی رای گەیاند، 36 ساڵ لەناو یەكێتی خزمەتم كرد و هەموو تەمەنی خۆمم لەسەر ئەو حزبە بەفیرۆ دا، ئامانجیشم خزمەتی كوردستان بوو لە رێگەی یەكێتییەوە، بەڵام دواتر گەیشتمە ئەو بڕوایەی ئیتر رێگەكە هیچ پێوەندیی بەكوردایەتییەوە نەماوە. 

بژار شێخ عوبێد ئەوەشی گوت، یەكێتی دەمێك ساڵە سنووری بادینانی پشتگوێ خستووە و هیچ بۆی گرنگ نەبووە خزمەتی سنووری دهۆك بكات و خۆی بەخاوەنی ئەو سنوورە نەزانیوە، كادر و ئەندامانی سنوورەكەشی بەپلە دوو دەبینی.

ئاماژەی بەوەش دا، هەموو ئەو شتانەی سەركردایەتیی یەكێتی بەرانبەر كادر و تێكۆشەرانی یەكێتی لە سنووری دهۆك كردی قبووڵمان كرد، تا ئەوەی لەم چەند رۆژەدا یەكێتی بەفەرمی بە مەڵبەندی دهۆكی راگەیاند، كادر و ئەندامانمان لەو سنوورە دەنگ بدەن بە رەیان كلدانی، "ئەوەش قابیلی قبووڵ نییە و ئێمە ئیرادەی خۆمان ناشكێنین، ئەو بابەتە دژی هەموو بیرێكی كوردایەتی و تێكۆشینێكی كوردانەیە".

بژار گوتی، من بەهۆی ئەو بڕیارەی یەكێتییەوە بەتەواوی نائومێد بووم لەو حزبە و پێم وایە، ئیتر ئەو حزبە هیچ پێوەندیی بەكوردستان و كوردایەتییەوە نەماوە، دژی مێژووی خۆیشی كە هەزاران شەهیدی بۆ داوە دەجووڵێتەوە و كوردایەتی كۆتایی پێ هێناوە، ئەمەش بۆ تێكۆشەرانی یەكێتی كارەساتە و برینداركەرە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئێستە ئەو بڕوایەم بۆ دروست بووە تاكە حزب لە كوردستان لەگەڵ بیروبۆچوونی كوردایەتی مندا گونجاوە پارتییە، بۆیە من بڕیارم دا بچمە ناو ئەو حزبەوە و لەناو ئەو حزبە خزمەتی كوردستان بكەم.

بڕیارە تاكڕەوەكانی بافڵ هەموو تێكۆشەرانی ناو یەكێتی نائومێد كردووە، چیتر ئەوان لەگەڵ حزبەكەی خۆیان كە قوربانیان بۆ داوە هەڵناكەن، بەبڕوای زۆر لەو كادرانەیان بەهۆی هەنگاوەكانی دژی كوردستان و دەست تێكەڵكردنی بافڵ لەگەڵ نەیارانی كورد، هیچ ئومێدێك بۆ بەردەوامبوون لەناو یەكێتی نەماوە.



وشە - وشه‌