بۆ بەشداریی لە پرۆسەی دەنگدان، ناوی زیاتر لە پێنج هەزار كەس كە خەڵكی شنگالن و لە كەمپەكانی سنووری دهۆك نیشتەجێن، ناویان نەگەڕاوەتەوە، بەرپرسانی كۆمسیۆنی سنوورەكەش دەڵێن، ئەو كەسانە دەتوانن لە دەنگدانی گشتی لە ڕۆژی 11ـی ئەم مانگە بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن.
سەعات حەوتـی بەیانی ئەمڕۆ بە بەشداریی ملیۆنێك و 340 هەزار و 518 دەنگدەری هێزە تەناهییەكان و ئاوارەكان، لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، دەنگدانی تایبەت بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق دەستی پێ كرد.
تێیدا ئاوارەكانیش هاوشانی هێزە تەناهییەكان بەشداریی پرۆسەكە دەكەن، بڕیارە پرۆسەكەش تا سەعات شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
كۆمسیۆن رای گەیاند، ناوی زیاتر لە پێنج هەزار كەس كە خەڵكی شنگالن و لە كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكانی سنووری دهۆك نیشتەجێن، ناویان لە دەنگدانی تایبەتدا نەبووە.
بەرپرسانی كۆمسیۆنی سنوورەكەش دەڵێن، ئەو كەسانە دەتوانن لە دەنگدانی گشتی لە ڕۆژی 11ـی ئەم مانگە بەشداریی لە پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش دەتوانن بچنە سنووری شنگال و دەوروبەری.
هاوكات ئاماژەیان بەوە كرد هەر كەسێكی تر ئەمڕۆ لە دەنگدانی تایبەت ناوی نەبێت، لە دەنگدانی گشتی دەتوانێت دەنگ بدات و ناوی دەبێت.
جێگەی ئاماژەیە 26 هەزار ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆك كە نیشتەجێی كەمپەكان و دەرەوەی كەمپەكانن، مافی دەنگدانیان هەیە، بڕیار بوو ئەوانیش لە دەنگدانی تایبەت بەشداریی پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن.