كاندیدانی سلێمانی 14 دەفتەر دۆلاریان بۆ سپۆنسەر خەرج كردووە

:: PM:02:42:09/11/2025 ‌
شارەزایەكی بواری تەكنەلۆجیا رای دەگەیەنێت، زۆرترین خەرجی بۆ سپۆنسەر كە خەرجی سیاسییە، لە پارێزگای سلێمانی بووە و كەمتری لە هەڵەبجە بووە.

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی تشرینی دووەم، رێباز ئەحمەد شارەزای بواری تەكنەلۆجیا، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە ماوەی حەوتی تشرینی یەكەم بۆ پێنجی تشرینی دووەم، سیاسییەكان و كاندیدەكان زۆرترین سپۆنسەریان هەبووە.

زیاتر گوتی، زۆرترین سپۆنسەر لە سنووری سلێمانی بووە بەرێژەی 32% و لە هەولێر 31% و لە دهۆك 12% و لە كەركووك 20% بوو و لە هەڵەبجە 1.6% بووە.

روونی كردەوە، رێژەی خەرجییەكان بریتی بووە لە 419 هەزار و 958 دۆلار، یانی زیاتر لە 41 دەفتەر دۆلار.

باسی لەوەش كرد، لە سلێمانی 14 دەفتەر و لە هەولێر 13 دەفتەر و لە كەركووك هەشت دەفتەر و نیو و لە دهۆك پێنج دەفتەر و نیو و لە هەڵەبجە 67 وەرەقە خەرج كراوە.

روونی كردەوە، رێژەی بەرزترین خەرجی كاندید بۆ كاندیدێكی دهۆك بوو كە 64 وەرەقەی خەرج كردووە.



وشە - رامیار جەواد