حەسیبە گەردی: یەكێتی بە دەنگدان بە كاندیدەكەی كلدانی جۆرێكی تر خیانەتی كرد

:: PM:04:11:09/11/2025 ‌
گوشاری یەكێتی لەسەر لایەنگرانیان لە دهۆك تا دەنگ بدەن بە كاندیدێكی تر كە پێوەندی بە یەكێـتییەوە نییە و كاندیدی بابلیۆنی رەیان كلدانییە، كاردانەوەی زیاتری لێ‌ دەكەوێتەوە و پەرلەمانتارێكی پێشووی كوردستان و چاودێرێكی سیاسیی دەڵێ‌، ئەوە جگە لە ئیفلاسی سیاسی، هیچی تری لێ‌ ناكەوێتەوە. 

لە كاتی دەنگدانی تایبەت ئەمڕۆ یەكێتی داوای لە دەنگدەرانی تایبەتی كرد، دەنگ بدەن بە كاندیدێكی تر ئەویش كاندیدی رەیان كلدانییە، ئەو هەڵوێستەی یەكێتی جارێكی تری بە "خیانەت" لێكدرایەوە، چونكە كلدانی خۆی لە لیستی تیرۆری ئەمەریكایە و دوژمنی سەرسەختی كوردستانیشە. 

ئەمڕۆ یەكشەم نۆی تشرینی دووەم، حەسیبە گەردی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان و چاودێری سیاسی، بە "وشە"ی گوت، ئەوە ئیفلاسێكی سیاسییە یەكێتی تێی كەوتووە، چونكە ئەو حزبە بۆی دەركەوتووە كە وەك یەكێتی هیچ دەنگێك ناهێنێت، بۆیە بیری لەوە كردووەتەوە. 

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، رەیان كلدانی دوژمنی سەرسەختی كوردستانە و یەكێكە لە ئەندامانی ئەو تاقمەی كە چاوی بە پێشڤەچوونەكانی كوردستان هەڵنایەت و بەردەوام دژایەتی دەكات.

هاوشێوەی هەموو بۆچوونەكانی تر كە ئەمڕۆ بەرانبەر ئەو كارەی یەكێتی دروست بوون، گەردیش پێی وایە ئەوە جۆرێكە لە "خیانەت" كە یەكێتی دەستی داوەتێ‌.
  



وشە - وشه‌