نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ ئانتی بۆتكۆنێن باڵوێزی نوێی فینلەندا لە عێراق، پێوەندییەكانی فینلەندای لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرد.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، وێڕای پیرۆزبایی بۆ دەستبەكاربوونی بۆتكۆنێن، هەموو پشتگیرییەكی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی ئەركەكەی دووپات كردەوە، هەروەها خواستی هەرێمی كوردستانی بۆ برەودان بە پێوەندییەكانی لەگەڵ فینلەندا دەربڕی.
لای خۆیەوە باڵوێزی نوێی فینلەندا، خۆشحاڵیی خۆی بە دەستبەكاربوونی وەك باڵوێزی وڵاتەكەی لە عێراق نیشان دا و دووپاتی لە ئامادەیی و خواستی فینلەندا بۆ برەودان بە پێوەندییەكان و هاریكاریی هاوبەشی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستاندا، كردەوە.