لە كاتێكدا هێشتا نزیكەی 200 كەس لە گیراوانی رووداوەكەی لالەزار لە گرتووخانەكانی یەكێتیدان، بەڵام ئەمڕۆ لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمى دەنگدانی تایبەت نەیانتوانی دەنگ بدەن.
رۆژی 22ی ئاب، چەكدارانی یەكێتی هەڵیانكوتایە سەر هۆتێل لالەزار، لە ئەنجامدا لاهوور شێخ جەنگیی سەرۆكی بەرەی گەل و زیاتر لە 200 كەسیان لێ گرتن، ئەوە جیا لەوەی دەیان كەسی تریش كوژران و سووتێنران و بریندار كران.
ئەمڕۆ یەکشەم نۆى تشرینى یەکەمى 2025، كە دەنگدانی تایبەت لە عێراق بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەڕێوەچوو، بەڵام نە لاهوور شێخ جەنگی و نە هیچ گیراوێكی تری لالەزار نەیانتوانی دەنگ بدەن، چونكە پێشتر بڕیار درابوو، گیراوان و ئەوانەی لە نەخۆشخانەكاندا مافی دەنگدانیان نەبێت.
بەرەی گەل لیستی هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، شادمان مەلا حەسەن، سەركردە لەو رەوتە لە كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ لایەنگرانی، دوێنی گوتوویەتی هەژارترین لیست بوون لەو بانگەشەیەدا.
بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "وشە" لە دەنگدانی تایبەت لە سلێمانی، بەشێك لەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە دەنگیان بە بەرەی گەل داوە یان لەسەر فۆڕمی دەنگدانەكە نووسیویانە "تۆڵەی 22ی ئاب دەكەنەوە".