تیروپشك بۆ دابەشكردنی 16 هەزار پارچە زەوی كرا

:: PM:06:30:09/11/2025 ‌
ڕێوڕەسمی تیروپشك بۆ دابەشكردنی نزیكەی 16 هەزار پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی سنووری سەرۆكایەتییەكانی شارەوانیی بنەسڵاوە، دارەتوو، كەسنەزانی سەر بە بەڕێوبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر كرا.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، خۆشحاڵی خۆی بە دابەشكردنی ئەو 16 هەزار پارچە زەوییە بەسەر فەرمانبەران و خاوەن زەوییەكان ڕاگەیاند و لەمبارەیەوە گوتی، خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێکى تردا دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری هەرسێ سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە، دارەتوو و كەسنەزان نزیكەی 16 هەزار پارچە تیروپشكیان بۆ دەكرێت.

ساسان عەونی گوتی، رێوڕەسمى تیروپشكی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئەو دەستكەوتەیە كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشكەشی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی كردووە بە پێدانی پارچەیەك زەوی، بە دەستخۆشییەوە لە زۆربەی زۆری سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی لەنێویاندا لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، رێوڕەسمى دابەشكردنی زەوی زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت، ئەم رێوڕەسمەى ئەمڕۆش یەكێكە لە ڕێوڕەسمە گەورەكانی دابەشكردنی زەوی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر، ئەو زەوییانەش لە باشترین شوێنەكان بۆ فەرمانبەران دابین كراون، دڵنیاییش دەدەینە فەرمانبەرانی شوێنەكانی تر كە كاری فەرمانگە پێوەندارەكان بۆ جێبەجێكردنی كارە هونەری و یاساییەكان بەردەوام دەبێت.

لەبارەى قەرەبووی جووتیاران و خاوەن زەوییەكان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە كرد، مافەكانی ئەوانیش تێیدا ڕەچاو كراوە و ئەوانیش لەگەڵ ئەو رێوڕەسمەدا بە مافەكانی خۆیان دەگەن.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم