وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نامەیەكی بۆ نێچیرڤان بارزانی نارد

:: PM:08:00:09/11/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، نامەیەكی لە ماركۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاوە پێگەیشت.

لە نامەكەیدا ڕۆبیۆ ستایشی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی دەكات لە كردنەوە‌ی بۆریی نێوان عێراق و توركیا بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان، هەروەها پێشوازی لەو هەنگاوە دەكات.

لە بەشێكی تری نامەكەدا، ڕۆبیۆ پێزانین بۆ ڕۆڵی بەردەوامی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئاسانكردنی گفتوگۆی نێوان توركیا و پەكەكە و هەوڵەكانی لەپێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیریدا لە سووریا، دەردەبڕێت.

ڕۆبیۆ هاوبەشیی بەردەوامیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان بە بنەمایەكی سەقامگیری و پێشكەوتن لە قەڵەم دەدات. هەر لەمبارەیەوە بۆ نێچیرڤان بارزانی دەنووسێت: سەركردایەتی و هاوبەشیی بنیاتنەرانەتان، گیانی بەرپرسیاریەتی و دانایی بەرجەستە دەكەن كە دەبنە هۆی پتەوكردنی ئاشتی و هاریكاری.

لە كۆتاییی نامەكەیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وێڕای سڵاو و ڕێز و سوپاسگوزاری بۆ هاوپەیمانیی بەردەوامی هەردوولا، ستایشی هەوڵەكانی نێچیرڤان بارزانی لەپێناو هاوبەشی و یەكڕیزیدا دەكات، هەروەها جەخت لەوە دەكاتەوە كە پتەوكردنی هاریكاریی ئابووریی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان، بەرژەوەندیی هاوبەشیان بەهێز دەكات.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم