كۆمسیۆن: كێشەی ئامێرەكانمان چارەسەر كرد

:: AM:10:28:11/11/2025 ‌
بەرپرسێكی كۆمسیۆن رای دەگەیەنێت، لە هەندێك لە ئامێرەكان كێشە هەبوو، بەڵام تیمەكانی كۆمسیۆن بەخێرایی و ماوەیەكی كورت توانیان سەرجەم كێشەكان چارەسەر بكەن.

ئەمڕۆ سێشەم 11ـی تشرینی دووەم، نەبەرد عومەر بەرپرسی ئۆفیسی هەرێمی كوردستانی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، سەرجەم بنكەكانی دەنگدان ئێستە بێ‌ كێشەن.

زیاتر گوتی، لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان 27 ئامێر كێشەیان هەبووە" كێشەكان چارەسەر كراون و لە سەرجەم بنكەكانیش ئامێری فەیس ئایدی كار دەكات و ئەو گرفتانەش لە بەردەم دەنگدەراندا هەبوون لە هەڵبژاردنی رابردوودا چارەسەر كراون.

بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و بەپێی نوێترین ئاماری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، دەنگدەران بەسەر هەشت هەزار و 703 بنكە و 39 هەزار و 285 وێستگەدا دابەش بوون.

ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 كەسن، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانیش رێژەی 14٪ـی كۆی دەنگدەرانی عێراق پێكدەهێنن.

ژمارەی دەنگدەران بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوونە، لە هەولێر ملیۆنێك و 87 هەزار و 880 كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینەوە، ملیۆنێك و 210 هەزار و 658 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دهۆك 778 هەزار و 846 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.




وشە - رامیار جەواد