ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕای گەیاند، ئامانجی ئەوان ئەوەیە كە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كورسیی پەرلەمانی عێراقیان بردووەتەوە، پێكەوە كار بۆ مافەكانی كورد بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ی تشرینی دووەم، عەلی حوسێن بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی پارتی لە سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، "ئێمە وەك هەندێك لایەن نین، دەمانەوێت هەموو پۆستەكانی بەغدا بۆ كورد بێت"، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە بهێنێت.
ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەش كرد، پارتی هێزی یەكەمی عێراقە و لە هەموو لایەك دەنگی زیاترە، ئەوەش پێگەی كورد و هەرێمی كورستان بەهێز دەبێت.
جەختی لەوەشكردەوە، پەیامی پارتی و پەیامی جەنابی سەرۆك بارزانی و هەردوو جێگرەكەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، ئامانجمان زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ بوو، بە دڵنیاییەوە خەڵكی كوردستان بە دەم پەیامەكەی پارتیەوە هاتن، بە كردار پارتی بووە یەكەم حزب لە ئاستی عێراق بە كۆكردنەوەی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ.
عەلی حوسێن گوتی، "لەم هەڵبژاردنەدا پێگەی كورد بە گشتی و پارتی بەهێز بووە و پێویستە وا بكەین لە ناوخۆدا هاوپەیمانی ببەستین، چارەسەری ئەو كێشانە بكەین كە لە ڕابردودا هەبوون، پێویستە هەموو لایەنەكانیش لێرە بەدواوە كار بۆ خەڵكی كوردستان بكەن".
ئاماژەی بەوەش كرد، دەنگی پووچەڵ بۆ پارتی جێگەی پرسیارە و تەنیا لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 100 هەزار دەنگی پووچەڵ هەیە، دەبێت لایەنە سیاسییەكان و بەرپرسانی پارێزگاكە بپرسن، بۆچی خەڵك دەنگەكانیان پووچەڵ كردووە، هەروەها 400 هەزار كەس دەنگیان نەداوە.
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، پارتی لەم هەڵبژاردنەدا توانیویەتی زیاتر لە ملیۆنێك و 80 هەزار دەنگ لە عێراق و هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنێت.
دوێنێ سێشەم دەنگدانی گشتی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، تێیدا 31 هاوپەیمانی، 38 حزب و 79 تاكەكەس بەشداریی هەڵبژاردنیان كرد و زیاتر لە حەوت هەزار كاندید كێبەركێی بەدەستهێنانی 329 كورسی دەكەن. هەروەها لە هەولێریش 108 كاندید ڕكاربەری لەسەر 15 كورسی پارێزگاكە دەكەن.