بەهۆی لە دەستدانی كورسیی كورد لە كەركووك پارتی سەرجەم ئاهەنگ و خۆشییەكان رادەگرێت

:: AM:09:01:13/11/2025 ‌
پارتی لە كەركووك بڕیاری دا سەرجەم ئەو ئاهەنگ و چالاكییانەی بڕیار بۆ سەركەوتنی پارتی لە شارەكە ئەنجامی بدات رابگرێت، ئەوەیش بەهۆی لە دەستدانی كورسیی كورد لە كەركووك.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی تشرینی دووەم، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت، وێڕای سوپاسی زۆرم بۆ خەڵكی بەشەرەفی كەركووك و پارتییە ڕەسەنەكان لە سەرجەم ئۆرگانەكانی پارتی، ئەوانەی قوتابی راستەقینەی رێبازی بارزانین، بەپێدانی متمانە بەئێمە و سەركەوتنمان بەدەنگی یەكەمی لیستی 275 ی پارتیمان لە كەركووك.

دەشڵێت، بەهۆی لەدەستدانی كورسییەكی كورد و پارتی لە شارەكە، بڕیارمان دا سەرجەم ئاهەنگ و خۆشی و چالاكییەك ڕابگرین.

ئاماژە بەوەش دەكات، لە ماوەی ڕابردوو لە چەندان لێدوانی میدیایی چاوپێكەوتنەكان و كۆڕ و كۆبوونەوە جەماوەرییەكان، باسمان لە مەترسی لەدەستدانی كورسیی شەشەمی كورد دەكرد و دەمانگوت پێكهاتەی عەرەب بەشداریی كارایان دەبێت، پێویست دەكات سەرجەم كەركوكییەكان بگەڕێنەوە كەركووك و بەرنامەی چڕیش بۆ ئەو بابەتە دابنرێت، بەڵام بەداخەوە كاری رژد و ئاسانكاری نەكرا بۆ ئەو بابەتە و ئەوەتا بەداخەوە بەهۆی كەمتر لە پێنج هەزار دەنگ، كورسی دووەمی پارتی و كورسی شەشەمی كورد لە دەست درا، دڵنیام ئەم بابەتە بەبێ لێكۆڵینەوە تێناپەڕێت.



وشە - رامیار جەواد