كەشناسیی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، لە دوو رۆژی داهاتوو شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەپێی پێشبینییەكانیش، لە نێوان 25 بۆ 70 ملم باران دەبارێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی تشرینی دووەم، لە راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە نێوان 14 بۆ 17 ئەم مانگە، شەپۆلێكی بارانبارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و سەرەتا بە نمەباران دەست پێ دەكات، پاشان كاریگەرییەكەی دەست پێ دەكات و لە هەندێك شوێن هەورەتریشقەی لەگەڵ دەبێت، لەگەڵ بارینی بڕێكی كەم لە بەفر لە ناوچە شاخاوییەكان.
كەشناسی باسی لەوەش كردووە، لە ئەنجامی هاتنی ئەو شەپۆلی بارانە، پلەكانی گەرما نزم دەبێتەوە و لە رۆژی یەكشەم 10 پلە بەیەكەوە دێتە خوار.
لەبارەی بڕی بارانبارین كەشناسی باس لەوە دەكات، لە هەولێر لە نێوان 25 بۆ 55 ملم دەبارێت، لە دهۆك لە نێوان 40 بۆ 80 ملم دەبارێت، لە پارێزگای سلێمانی 35 بۆ 45 ملم و لە كەركووك 50 ملم دەبارێت.