د. شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، ڕای گەیاند کە حیزبەکەیان دوو کورسیی پەرلەمانی عێراقی لە سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی بەغدا مسۆگەر کردووە. ئەو دووپاتی کردەوە کە سەرکەوتنی بەربژێرەکانیان لە خانەقین و کورسیی کۆتای کوردی فەیلی لە پارێزگای واست، بەرهەمی پلانێکی یەک ساڵەی پێشوەختە بووە.
عەبدوڵا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، ڕێک ساڵێک پێش ئێستە پلانیان داناوە بۆ مسۆگەرکردنی کورسییەک بۆ کورد لە پارێزگای دیالە و گەڕاندنەوەی کورسیی کۆتای کوردی فەیلی بۆ "خاوەنی ڕاستەقینەی دۆزی فەیلییەکان" کە پارتی دیموکراتی کوردستانە.
ئەو دوو بەربژێرە سەرکەوتووە بریتین لە حەیدەر عەلی محەمەد بۆ کۆتای کوردی فەیلی لە پارێزگای واست و مامۆستا نازک ئەحمەد محەمەد لە خانەقین.
ناوبراو سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پشتگیرییەکانی و ئاشکرای کرد کە تەنانەت دەنگی سەرۆک بارزانیش بۆ بەربژێری کوردی فەیلی بووە.
لە کۆتاییدا، شاخەوان عەبدوڵا سوپاسی سەرکردایەتیی پارتی و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە هاوکار بوون لەم سەرکەوتنەدا و پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کرد.