بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕای گەیاند، لە ئەمڕۆ هەینییەوە شەپۆلێکی بارانبارین ڕوو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و سبەی شەموو کاریگەرییەکەی زیاتر دەبێت، هاوکات پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.
کەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی:
بەپێی پێشبینییەکان، ئاسمانی هەرێم لە نێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا دەبێت و پاشان بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت. لە کاتەکانی ئێوارەدا، سەرەتا نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی باکوور و ڕۆژئاوا دەست پێ دەکات و دواتر زۆربەی ناوچەکانی تری هەرێم دەگرێتەوە. پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ کەمێک نزمتر دەبنەوە.
کەشوهەوای سبەی شەموو:
ئاسمان بە گشتی هەوری باراناوی دەبێت و لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێت. لە هەندێک ناوچە و کاتدا بارانبارین بۆ لێزمەباران و هەورەتریشقە دەگۆڕێت. هەروەها پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییە بەرز و سنوورییەکاندا کەمێک بەفر ببارێت.
پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ، نزیکەی چوار بۆ شەش پلە نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ هەینی:
هەولێر: 22 پلە
سلێمانی: 19 پلە
دهۆک: 20 پلە
زاخۆ: 22 پلە
کەرکووک: 24 پلە
هەڵەبجە: 20 پلە
حاجی ئۆمەران: 11 پلە
گەرمیان: 24 پلە