بەپێی لێكۆڵینەوەكان، یەكێتی لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەرچی توانی كورسییەكانی بپارێزێت، بەڵام دۆڕاوی هەڵبژاردنەكەش بووە، نووسەرێك بەوردی ئەوە دەخاتەروو.
هاوكار عەبدولقادر لە نووسینێكیدا بەناوی "یەكێتی، براوەی دۆڕاو" دەڵێت: یەكێتی راستە توانی پێگەی خۆی وەك دووەم هێزی كوردستان بپارێزێت و تا ئاستێك ژمارەی كورسییەكانی بەدەست بهێنێتەوە، بەڵام دۆڕاوی هەڵبژاردنەكەش بوو.
ئەو نووسەرە دەنووسێت: ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی ساڵێكدا، زیاتر لە 49 هەزار دەنگ كەمی كردووە، لە كاتێكدا ركابەرە سەرەكییەكەی كە پارتییە، زیاتر لە 40 هەزار دەنگ زیادی كردووە.
ئەوەشی گوتووە، یەكێتی لە هەموو هەرێمی كوردستاندا 10 كورسیی بەدەست هێناوە، لە كاتێكدا رەوتی هەڵوێست كە یەكەمجارە بەشداریی لە هەڵبژاردنی عێراقدا دەكات، بەهەموو بێ پارەیی و بێ هێزی چەكداریی و بێ پلە و پۆست و بێ دەزگای راگەیاندن و بێ دەسەڵاتییەوە، پێنج كورسی هێناوە كە دەكاتە نیوەی كورسی و دەنگەكانی یەكێتی.
لەم هەڵبژاردنەدا بۆ یەكەمجار لە پارێزگای دهۆك یەكێتی كەمترین دەنگی بەدەست هێنا، بەپێی داتاكان لەو پارێزگایە كۆتایی هاتووە، بەبڕوای هاوكار بەهۆی ئەو فشارەوە بووە كە خستییە سەر كادرەكانی لە سنوورەكە تادەنگ بدەن بە بەربژێرەكەی "رەیان كلدانی" لە بەرانبەر بەربژێرەكەی پارتی بیباتەوە.
هاوكار ئەوەشی گوتووە، لە كاتێكدا دهۆك قەڵای بەهێزی پارتی و بادینان، "كلیلی سەركەوتنی پارتییە لە هەڵبژاردنەكانی كوردستان و عێراقدا" و هەرچییەكی كردبێت، رێگە بەوە نادات بەربژێرەكەی "حەشد و رەیان كلدانی" بەدەنگەكانی یەكێتی لەو شارەدا لێی بباتەوە.
بەبڕوای چاودێران، یەكێتی سیاسەتێكی هەڵەی پێڕەو كرد، لە كاتێكدا دەیتوانی لە ڕێگەی ئەو دەنگانەوە كورسییەك بۆ یەكێتی مسۆگەر بكات و رێگە لە پاشەكشەی رێكخستنەكانی لەو شارەدا بگرێت.
ئەو نووسەر لەبارەی دەنگەكانی یەكیـَتی لە هەولێر دەڵێت: لە هەولێردا ژمارەی دەنگەكانی یەكێتی كەمی كرد، دوو بەربژێرە دەرچووەكەی ئەم حزبە سۆشیال دیموكراتە، هەردووكیان پاشگری "ئاغا"یان پێوەیە، لە كاتێكدا چەندان كادیری بەتوانا و شایستەتر هەبوون، بەڵام بۆچی كار بۆ ئەوە كرا لەبری ئەوانە كوڕە ئاغایەك بیباتەوە كە بۆ بانگەشەش سەری نەكرد بە هەولێردا، كەمكردنی دەنگەكانی یەكێتیش بەو ئەندازەیە، ئاماژەیەكی خراپە بۆ داهاتووی یەكێتی لەو پارێزگایەدا.
بەهۆی ململانێی حزبایەتیی كورد لە كەركووك، پاشەكشێی لە رێژەی كورسییەكانی كرد، بەبڕوای هاوكار عەبدولقادر، لە كەركووك كورسییەكانی یەكێتی كەمی كرد، كە ئەم كەمكردنی كورسییە (پارتیش)، نەك هەر بۆ یەكێتی، بەڵكو بۆ هەموو كورد بەپاشەكشێ دادەنرێت، لە بەرانبەر پێكهاتەی عەرەب و توركماندا.
هاوكار دەڵێت: پێشبینییەكەی "مەلا بەختیار" لەبارەی خانەقین هاتە دی و یەكێتی بەهەموو رێكخستنەكانی خانەقین و گەرمیان و ئەو كاراكتەرانەی "بافل تاڵەبانی" لە كاتی بانگەشەكەدا ستایشی كردن و بە مامۆستای خۆی ناوی بردن، كورسییەكیان بۆ یەكێتی پێ مسۆگەر نەكرا، بۆ یەكەمجار یەكێتی لە خانەقین كورسیی بەدەست نەهێنا و بۆ یەكەمجاریش پارتی لەبری یەكێتی، كورسییەكی بردەوە.