لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا یەكەمجارە كورد لە كەركووك كورسییەكانی كەم دەكات

:: AM:11:01:15/11/2025 ‌
بەگوێرەی ڕاپۆرتی پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن  (KIE) ژمارەی كورسیی پێكهاتەكانی كەركووك لە ماوەی هەڵبژاردنەكانی 20 ساڵی رابردوودا (2005-2025)، گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە و یەكەمجارە كورد كورسیی كەمی كردووە.

ڕاپۆرتی پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن ئاماژە بەوەش كردووە، لە هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا لیستەكانی پێكهاتەی كورد، دووجار زیاتر بووە لە نیوەی كورسییەكانی ئەو پارێزگایە، ئەوانیش لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2005- پێنج كورسی لە كۆی نۆ كورسی/ لیستی برایەتی و ساڵی 2014 - هەشت كورسی  لە كۆی 12 كورسی/ یەكێتی شەش كورسی و پارتی دوو كورسی.

پێكهاتەی كورد لە سێ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا (2010 و 2018 و 2021) نیوەی كورسییەكانی پاریزگای كەركووكی بەدەست هێناوە، كە شەش كورسییە لە كۆی 12 كورسی. 

لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا بۆ یەكەمجارە لیستەكانی پیكهاتەی كورد لە هەڵبژاردنی 2025دا كەمتر لە نیوەی كورسییەكانی پارێزگای كەركووكیان بەدەست هێناوە، كە پێنج كورسییە لە كۆی 12 كورسی (یەكێتی چوار كورسی و پارتی یەك كورسی).

پێوەست بە پێكهاتەی عەرەب، لە هەڵبژاردنی 2025دا بۆ یەكەمجارە لیستەكانی پیكهاتەی عەرەب هێندەی لیستەكانی پێكهاتەی كورد، كورسی پارێزگای كەركووك بەدەست بهێنن.

پەیمانگەی كوردی بۆ هەڵبژاردن (KIE) دەڵێت، دابەزینی كورسی كورد و زیادبوونی كورسییەكانی پێكهاتەی عەرەب لە كەركووك، جێگەی سەرنجە و نابێت وەك دۆخێكی ئاسایی سەیری بكرێت، بە تایبەتی بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك و پەرلەمانی عێراق.

پێوەست بە پێكهاتەی توركمان، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە كەركووك بە گشتی پارێزگاری لە دوو كورسییەكەی خۆی كردووە.

11ی ئەم مانگە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوەچوو، لە پارێزگای كەركووك یەكێتی وەك براوەی سەرەكی خۆی ڕاگەیاند كە ژمارەی كورسییەكانی چوار كورسییە و پارتیش یەك كورسیی بەدەست هێنا، هەروەها پێكهاتەی عەرەب پێنج كورسی و پێكهاتەی توركمانیش دوو كورسی بەدەست هێنا و كورسیی كۆتاش بۆ پێكهاتەی مەسیحی بوو.



وشە - سۆران عەزیز