یەكەم حزبی ئۆپۆزسیۆنی كوردستان بۆ خواردنی كێكەكەی حكوومەتی عێراق خۆی یەكلا كردەوە

:: PM:01:31:15/11/2025 ‌
لە بەغدا گفتوگۆكانی نێوان لایەنە شیعەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌ دەستی پێ‌ كردەوە، بەڵام یەكەم حزبی ئۆپۆزسیۆن لە كوردستان بۆ وەرگرتنی پۆست و پلە، خۆی بۆ حكوومەتی عێراق یەكلا كردەوە.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی تشرینی دووەم، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" یەكەم حزب كە ئۆپۆزسیۆنە لە هەرێمی كوردستان، بۆ بەشداریی لە حكوومەتی عێراق، خۆی یەكلا كردەوە و هەموو ئامادەییەكی پێشان داوە كە بەهەر نرخێك بێت بەشداریی حكوومەت دەكات.

هاوكات ئەوەش زانراوە، ئەو حزبە بڕیاری داوە سبەی كۆبوونەوەیەك بكات، بەڵام بەبێ‌ پرس بۆ گەڕانەوە بۆ بۆچوونی لایەنگران و دەنگدەرانی، خۆی یەكلا كردەوە و بەشداریی حكوومەتی عێراق دەكات و هەر پلەیەكی حكوومیشی پێ‌ بدرێت وەریدەگرێت.

ئەوەش زانراوە، كەسی یەكەمی ئەو لایەنە بڕیاری داوە لە بەغدا گفتوگۆیان دەست پێ‌ بكەن بێ‌ گوێدانە ئەو خواستەی دەنگدەرانی هەیەتی، هەروەها چاوەڕێش دەكات سوودانی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، داواكارییە تایبەتەكانی پێشكەشی بكات و ئامادەیی خۆی بۆ بەشداری لە حكوومەتی نوێ‌ دەرببڕێت.

ئەوە لە كاتێكدایە ئەو لایەنە سیاسییە لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، باسی لە وەرگرتنی مافی هاووڵاتییانی كورد لە بەغدا دەكرد، بەڵام ئێستە بۆ داواكارییە تایبەتەكانی لەگەڵ بەشێك لە شیعەكانی عێراق كەوتووەتە گفتوگۆ.



وشە - رامیار جەواد