حاكم لەتیف مستەفا لە نووسینێكدا كە بۆنەی دامەزراندنی یادی سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە و ئاراستەی بافڵ تاڵەبانی كردووە نووسیویەتی، لە یادی دامەزراندنی سلیمانیدا دەڵێیت لەسەر رێبازی باوكم دەڕۆم بۆ خزمەتی سلێمانی، بەڵام سلێمانی ئاستی دابەزیوە لە ئاستی پارێزگاوە بۆ ئاستی قەزایەك.
حاكم لەتیف مستەفا باسی لەوە كردووە كە لە سلێمانی حزب دەوڵەمەندە و خەڵك و داودەزگاكانی هەژارن، حزب وەك ئەختەبووتی حەوت سەر دەستی بەسەر هەموو جومگە ئابوورییەكانی شاردا گرتووە و نەفەسی بۆ كەس نەهیشتووەتەوە لە دەرەوەی خۆی.
"تۆ دەڵێی لەسەر رێبازی باوكم دەڕۆم كە وانییە، دوو بەڵگەت بۆ دێنمەوە وەك نموونە ئەگەر پێت خۆش بوو دەیانی ترت بۆ دێنمەوە، تۆ خۆت كردووە بە حاكمی رەهای شار، سەرۆكی دەزگا تەناهی و سەربازییەكانی، فەرمان بۆ فەرمانگە مەدەنییەكان دەردەكەی بەبێ ئەوەی هیچ سیفەتێكی رەسمیت هەبێت، لە كاتێكدا باوكت كە ئیدارەی سلێمانییان دروست كردەوە بۆ ئەوەی بنەمای یاسایی دابنێت، بۆ كار و بڕیارەكانی خۆی كرد بەسەرۆكی هەرێم ئینجا بڕیاری دەردەكرد، تا خۆی نەكرد بەسەرۆكی هەرێم بڕیاری بۆ دەزگا حكوومییەكان دەرنەدەكرد" ئەو وای نووسیوە.
هەروەها بە بافڵ تاڵەبانی دەڵێ، هیچ سیفەتێكتان نییە و هەرچی بتانەوێت دەیكەن، یان دەبێت تەنیا كاری حزبی بكەن یان ئەگەر پێتان خۆشە فەرموون ببن بە پارێزگاری شارەكە و دەسەڵاتەكانی پارێزگار بەگوێرەی یاسای پارێزگاكان بەكار بهێنن، یان رێگە بدەن پارێزگار و داودەزگا حكوومییەكان دەسەڵاتی تەواویان هەبێت و ئێوە وەك حزب چاودێریان بكەن.
دووپات لەوەیش دەكاتەوە كە لە هیچ سەردەمێكدا پارێزگار و ئەنجوومەنی پارێزگا و داودەزگا حكوومییەكان هێندە كارتۆنی و بێ دەسەڵات نەكراون.
هەر لە درێژەی نووسینەكەدا گوتوویەتی، باوكت "جەلال تاڵەبانی" باوەڕی تەواوی بە ئازادی رادەربڕین هەبوو، بەڵام ئێستە لە سەردەمی ئێوەدا ئازادی رادەربڕین لە پاشەكشەدایە، كار گەیشتووەتە ئەوەی بۆ كۆڕ و كۆبوونەوەی داخراوی ناو هۆڵە داخراوەكانیش بەبێ مۆڵەتی ئاسایش رێگەیان پێ نادرێت، ئێوە شارەزاییتان لە حوكمڕانیدا نییە و ئەوەی لە دەوریشتانن شارەزاییان نییە، ناشتانەوێت كەسی شارەزا لە دەورتان بێت.