بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رای گەیاند، ئەگەری هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی بارانبارین لە ناوچەكە هەیە، بۆیە داوا دەكەن خەڵك سەردانی ناوچە شاخاوییەكان نەكەن.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، داوا لە هاووڵاتییانی سنوورەكە دەكات كە ئەگەر كارێكی بە پەلە و پێویستیان نەبوو، سەردانی ناوچە شاخاوییەكان نەكەن.
ئەوان دەڵێن، پێشبینییەكانی كەشوهەوا ئاماژە بە هاتنی شەپۆلێكی بەهێزی باران دەكەن، بۆیە بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی دوور بن لە زیانی گیانی و مادی، ئەگەر ناچار نەبوون ئەم رۆژانە سەردانی ناوچە شاخاوییەكان، دۆڵ و قەراغی ڕووبارەكان نەكەن، بە تایبەت ئەو ناوچانەی ساڵانە لافاو و كۆبوونەوەی ئاو تیایاندا ڕوودەدەن.
بەگوێرەی پێشبینییەكان، ئاسمان نیمچە هەور و باراناوی دەبێت و لە زۆربەی ناوچەكانیش باران لەسەرەخۆ بۆ مامناوەند دەبارێت و خێرایی با لە گەڵیدا چالاك دەبێت.