سبەی سەرۆكی حكوومەت بەردی بناغەی پڕۆژەی پاككردنەوەی ئاوەڕۆی هەولێر دادەنێ

:: PM:06:09:15/11/2025 ‌
بڕیارە سبەی بەردى بناغەى وێستگەی پاككردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر "قۆناغی دووەم"، لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانەوە دابنیرێت. 

وێستگەی پاككردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر، لەلایەن كۆمپانیای "ئاوزان"ی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەكەمی لەلایەن كۆمپانیای جایكای ژاپۆنییەوە جێبەجێ كرا، بە یەكێك لە گەورەترین ژێرخانی ژینگەیی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دادەنرێت. 

بۆ جێبەجێكردنی ئەم قۆناغە 579 ملیۆن دۆلاری لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ تەرخان كراوە، كە لەسەر رووبەری 205 دۆنم زەوی، لە رۆژئاوی شاری هەولێر جێبەجێ دەكرێت.

وێستگەكە توانای پاككردنەوەی 840 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە رۆژێكدا دەبێت، كە خزمەتی 30 ساڵی داهاتووی هەولێر دەكات و لەگەڵ گەشەكردنی شاریشدا دەگونجێ‌.
 
گرنگی ئەو پڕۆژەیە لەوەدایە، رێگری لە تێكەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەكانی ئاودا دەكات، جیا لەوەی مەترسیی گواستنەوەی نەخۆشییە مەترسیدارەكان كەم دەكاتەوە و لەگەڵ ستاندەری ژینگەیی و بۆ كشتوكاڵێكی پاك دەگونجێ‌. 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، پڕۆژەكە پێكهاتووە لە دروستكردنی تۆڕێكی گواستنەوەی ئاوەڕۆ بە درێژایی 21.9 كیلۆمەتر، بە تەكنیكێكی نوێ‌ كە پێویستی بە هەڵكەندی شەقامەكان نابێت. 

هەروەها وێستگەیەكی پاككردنەوە و هەواگۆڕكێ‌ و پاككردنەوەی تێدایە، كە بۆ كشتوكاڵی پاك سوودی زۆری لێ‌ دەبینرێت. 

بڕیارە سبەی، سەعات دوو و نیوی دوای نیوەڕۆ، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەردی بناغەی ئەو پڕۆژە گرنگە دابنێت.


وشە - سه‌رخێڵ هاشم