ئاگەدارییەک بۆ شۆفێران... تەمێکى چڕ بەڕێوەیە

:: PM:11:43:15/11/2025 ‌
بەپێی پێشبینییەکان لە ڕۆژانى داهاتوو، دیاردەی تەمومژێکی چڕ ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەهۆیەوە کەشناسێکى کورد شۆفێران ئاگادار دەکاتەوە لەو کاتانەدا زیاتر پابەندى ڕێنوێنییەکانى هاتوچۆ بن.

ئەمڕۆ شەموو، 15ی تشرینی دووەم، هەڤاڵ سدیقی گەڵۆزیی کەشناس ڕای گەیاند، پێشبینی دەکرێت لە درەنگانی شەوی یەکشەم لەسەر دووشەم بۆ کاتی بەرەبەیان، بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر و بەرزبوونەوەی شێی ڕێژەیی لە هەوادا و دابەزینی پلەکانی گەرما، دیاردەی تەمومژێکی چڕ ڕووبدات.

ئاماژەی بەوەیش کردووە، ئەو تەمومژە ناوچەکانی پارێزگای دهۆک، ئیدارەی زاخۆ، مووسڵ، ناوچەکانی باکور و ڕۆژئاوای هەولێر، کەرکووک، ئیدارەی سۆران و ڕاپەڕین، پارێزگای سلێمانی، بەشێک لە ناوچەکانی پارێزگای هەڵەبجە و گەرمیان دەگرێتەوە.

گەڵۆزی ئاماژەی بەوە داوە، لەو کاتانەدا مەودای بینین (300 بۆ 500) مەتر کەم دەبێتەوە، بۆیە پێویستە شۆفێران لەسەر هێڵە دەرەوەکان ئاگادار بن و لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل خێرایی کەم بکەنەوە و پابەندی ڕێنوێنییەکانى هاتوچۆ بن بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان.

هەڤاڵ گەڵۆزى دەڵێ، کاریگەریی ئەو تەمومژە تا دوای سەعات هەشتی بەیانی بەردەوام دەبێت و دواتر بەرەو لاوازبوون دەچێت.


وشە - پێشەنگ مەحموود