ئەمڕۆ تیروپشكی ناوی حاجیان دەكرێت

:: AM:09:14:16/11/2025 ‌
ئەمڕۆ تیروپشك بۆ ناوی حاجیانی ئەنجام دەدرێت، نزیكەی 90 هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان نووسیوە و پێنج هەزار هاووڵاتی دەتوانن فەریزەی حەج ئەنجام بدەن.
 
ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی تشرینی دووەم، ‎كاروان ستوونی گوتەبێژی فەرمی حەج و عەمرەی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئامادەكارییەكان بە كۆتا گەیشتوون و بڕیارە سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆ، تیروپشك بۆ ناوی كەسانە بكرێت كە بۆ وەرزی حەجی 2026 خۆیان تۆمار كردووە.

‎زیاتر گوتی، ئەمساڵ بۆ یەكەمجار ناو تۆماركردن بۆ فەریزەی حەج بە شێوەی ئەلیكترۆنی بەڕێوەچووە، لەبەر تازەیی سیستمەكە، پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی ناوەكان و ڕێكارەكانی تر ماوەیەكی زیاتری خایاند، بۆیە ئەنجامدانی تیروپشكەكە بۆ ئەمساڵ كەمێك دواكەوتووە.

‎باسی لەوەش كرد، 89 هەزار كەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار كردووە، لەبەر زۆریی خواست، ئەمساڵ مەرجێك زیاد كراوە ئەگەر كەسێك پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجام دابێت، ناوی ناچێتە ناو تیروپشكەكەوە، بۆیە هەزاران ناو دەرهێنراون و دوور خراونەتەوە.

‎دەشڵێت، لە كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ یەكەم جار لە ڕێگەی بە ئەلیكترۆنیكردنی پرۆسەی ناو تۆماركردن بۆ حەج، هاوكارییەكی باشی هاووڵاتییانی كردووە و بارگرانی كەم كردووەتەوە، چونكە لەم سیستمەدا ناو تۆماركردن بێ بەرانبەرە. 

روونی كردەوە، پێشتر هەر كەسێك ناوی بۆ حەج تۆمار بكردایە، دەبوایە بڕی 50 هەزار دیناری بدات، دواتریش ئەم بڕە كەم كرایەوە بۆ 25 هەزار دینار. ئەمەش جێبەجێكردنی یەكێك لە هێڵە گشتییەكانی كارنامەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، كە كەمكردنەوەی ڕۆتینە لە ڕێگەی بە ئەلیكترۆنیكردنی كارەكان.


وشە - رامیار جەواد