بازاڕی سەروپێ‌ فوولە و كارگەیەكی نوێش بۆ چاككردنی سەروپێ‌ كەوتە كار

:: PM:12:20:16/11/2025 ‌
بەهاتنی سەرما بازاڕی سەروپێ فوول بووە، بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێریش دەڵێت، لە وەرزی زستاندا ناتوانین پێداویستی ناوخۆ پڕ بكەینەوە، هەرچەند كارگەیەكی نوێش دەستبەكار بووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی تشرینی دووەم، دلۆڤان تەحسین كە خاوەن چێشتخانەیەكی تایبەت بە سەروپێیە لە هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە شەوی رابردووەوە لەگەڵ هاتنی سەرما، بازاڕی سەروپێ‌ خۆش بووە.

زیاتر گوتی، دوێنێ‌ شەو تا بەیانی 50 سەروپێی كاوڕ و 10 سەروپێی جوانەگام فرۆشتووە، هەبوایە زیاتریش دەفرۆشرا، چونكە خواستی زۆری لەسەرە.

باسی لەوەش كرد، لە وەرزی زستاندا تەنیا لەناو چێشتخانەكانی هەولێر، رۆژانە زیاتر لە هەزار سەروپێ‌ دەفرۆشرێت و خەڵكی كڕیار هەن بە مەنجەڵ بۆ ماڵەوە دەیبەنەوە.

هەڵمەت هەمزە بەڕێوەبەری كوشتارگەی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، لەگەڵ هاتنی سەرما خواست لەسەر سەروپێ‌ زیاد دەبێت، ئێستە كارگەیەكی نوێ‌ دەستبەكار بووە و رۆژانە 250 سەروپێ‌ چاك دەكات.

زیاتر گوتی، ئەو كارگەیە لە بەردەم كوشتارگەی هەولێرە، كارگە كۆنەكەمان داخستووە، چونكە بە گونجاومان نەزانی كاری تێدا بكرێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو كارگەیە هێشتا كارەكانی دەست پێ‌ نەكردووە، بۆیە ئەگەر بەوە بتوانین پێداویستی ناوخۆ پڕ بكەینەوە، چونكە ئێستە بەشی پێداویستی ناوخۆ ناكات، لە هەمان كاتدا رۆژانە لە سلێمانی و دهۆك و شارەكانی تری عێراق داوا دەكرێت.

روونی كردەوە، بەشێك لە هاووڵاتییان لە وەرزی هاوین سەروپێ‌ دەكڕن و لە بەفرگر هەڵیدەگرن، ئەوەش وایكردووە گوشار لەسەر بازاڕِ كەم ببێتەوە.


وشە - رامیار جەواد