ڕاگەیەنراوێك لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانییەوە

:: PM:01:11:16/11/2025 ‌
فەرماندەی زێرەڤانی لەبارەی هێرشكردنە سەر ماڵی پێشمەرگەیەكی ئەو فەرماندەییە هاتە دەنگ و رای گەیاند، ئێمە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە توندی سەركۆنەی ئەو كردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەكەین.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی تشرینی دووەم، لە راگەیەنراوێكی فەرماندەی زێرەڤانیدا هاتووە، ڕۆژی شەموو بەربژێرێكی دەرچووی حزبی تەقەدوم بەناوی موهەیمەن حەمدانی، هێرشی كردە سەر ماڵی پێشمەرگەیەكی فەرماندەییمان بە ناوی ئەحمەد خەڵەف لە قەزای دووبزی سەربە پارێزگای كەركووك. هەرچەندە خۆی لە ماڵەوە نەبووە/ بەڵام بەربژێرەكەی تەقەدوم دەستڕێژی فیشەكی لە ماڵی پێشمەرگەكەمان كردووە و خێزانەكەی ئازار داوە.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئێمە لە فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی بە توندی سەركۆنەی ئەو كردارە نامرۆڤانەیەی موهەیمەن حەمدانی دەكەین و داوا لە هێزە تەناهییەكان و ئیدارەی قەزای دووبز دەكەین، بە زووترین كات ڕێوشوێنی توندی یاسایی بەرانبەر ئەو بەربژێرە بگرنەبەر و بە سزای یاسایی خۆی بگەیەنرێت.
 
باس لەوەش كراوە، دووپاتی دەكەینەوە كە هەموو ڕێوشوێنێكی پێویستی یاسایی لە دژی ئەو بەربژێرە دەگرینەبەر، ئیدارە و هێزە تەناهییەكانی دەڤەرەكەش ئاگادار دەكەینەوە كە پاراستنی گیان و ماڵی هەر پێشمەرگەیەك و خێزانەكانیان لە سنوورەكە لە ئەستۆی ئەوانە. هاوكات پێویستە هەموو ڕێكارێك بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرش و پەلامار و كردەوانە بگیرێتەبەر.


وشە - رامیار جەواد