سەرۆكی حكوومەت: هەلومەرجێكی نوێ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم هاتووەتە ئاراوە

:: PM:03:04:16/11/2025 ‌
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد، باڵوێزی بەریتانیا پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی لە سەرۆكی حكوومەت كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە عیرفان سدیق باڵوێزی بەریتانیا لە عێراق كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا دۆخی گشتی عێراق دوای هەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران تاوتوێ كرا.

باڵوێزی بەریتانیا پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان و ئەنجامەكانی لە سەرۆكی حكوومەت كرد، هیوای خواست ئەنجامی هەڵبژاردن ببێتە هۆی ئارامی و سەقامگیریی عێراق و باشتربوونی دۆخی خزمەتگوزارییە گشتییەكان.

سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە ئەوەی بە لای هەرێمی كوردستانەوە گرنگە، كارنامە و بەرنامەی حكوومەتی نوێی عێراق و پابەندبوونی بە دەستوور و ڕێككەوتنەكان و چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵە.

لە بەشێكی تری كۆبوونەوەدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پەلەكردن لە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم. لەمبارەیەوە سەرۆكی حكوومەت دووپاتی كردەوە كە لە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەلومەرجێكی نوێ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی هەرێم هاتووەتە ئاراوە.



وشە - رامیار جەواد