مەسروور بارزانی: ئەم پڕۆژەیە باشترین سەرچاوەیە بۆ ئاودێریی پارك و سەوزایی

:: PM:03:05:16/11/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی ریساكلینی هەولێری دانا و رای گەیاند، ئەم پڕۆژەیە باشترین سەرچاوەیە بۆ ئاودێریی پارك و سەوزایی.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی تشرینی دووەم، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی ریساكلینی هەولێری دانا و رای گەیاند، ئەم پڕۆژەیە باشترین سەرچاوەیە بۆ ئاودێریی پارك و سەوزایی.

دەقی گوتارەكەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان:

به ناوی خودای گەورە و میهرەبان. خوشك و برایانی بەڕێز و خۆشەویست، ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێر بێن. خۆشحاڵم كە لەگەڵتان لێرەم و ئامادەین بۆ دەستپێكردنی یان دانانی بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە گەورەیە. ئەمڕۆ بەردی بناغەی پڕۆژەیەكی دیكەی گرنگ لە شاری هەولێر دادەنێین كە وێستگەی چارەسەركردن و پاككردنەوەی ئاو و ئاوەڕۆیە.

ئەم پڕۆژەیە كە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوكاریی كۆمپانیای "ئاوزان" ئەنجامی دەدات، هەروەها بڕیارە یەكێك لەو هەشت یەكەی ئەم پڕۆژەیە، بە سوپاسەوە، لە لایەن ئاژانسی "جایكا"ـی ژاپۆنییەوە جێبەجێ بكرێت. هەروەك دیارە، ئەم پڕۆژەیە لە هەشت یەكە پێك هاتووە و یەكێك لەو یەكانە، هیوادارین كە ئاژانسی "جایكا"ـی ژاپۆنی جێبەجێی بكات و هیوادارین لە كاتێكی زوودا ئەوانیش دەست بە كارەكانیان بكەن.

ئەم پڕۆژە گرنگ و ناوازەیە ڕێگری لە تێكەڵبوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سروشتییەكان و ئاوی ژێرزەوی و پیسبوون و نەخۆشییە گوازراوەكانی ئاو دەكات. یارمەتیی زیادكردنی كەرتی كشتوكاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات، چونكە ئاوەكە پاش چارەسەركردن و پاڵاوتنی دووبارە، بەكاردەهێنرێتەوە. بەمەش، تا ئاستێكی زۆر فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی كەم دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ ئاو لە عێراق و ناوچەكەدا بووەتە خەم و كێشەیەكی گەورە، بۆیە ئێمە زووتر دەستمان بە چەند پڕۆژەیەكی گرنگ لە بواری دابینكردن و پاراستنی ئاو و ژینگەپارێزی كرد، وەك دروستكردنی بەنداو و پۆند و گەیاندنی ئاو بۆ ناو شارەكان و ناوچەكانی دەوروبەری.

ئەم پڕۆژەیە باشترین سەرچاوەیە بۆ ئاودێریی پارك و سەوزایی، هەروەها دەبێتە پاڵپشتێكی بەهێز بۆ گشت پلانەكانمان بۆ زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر. لەوانەش، پاڵپشتیكردنی هەردوو پڕۆژەی "پشتێنەی سەوزایی" و "ڕێڕەوی ژیان" و هەموو پاركەكانی دیكە، كە كاریگەریی باشی لە بواری دابینكردنی زیاتری ئاو و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و باشتركردنی دۆخی ژینگەیی و تەندروستیی شارەكانماندا دەبێت.

بەرنامەشمان هەیە پڕۆژەی هاوشێوە لە شارەكانی دیكەی كوردستانیش ئەنجام بدەین. ئامانجی سەرەكیی ئێمە لە هەموو ئەو پڕۆژانە ئەوەیە كە بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان بكەین و ئاستی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتر و باشتر ببەین. لە ڕووی ژینگەپارێزیشەوە، ڕێگە لە پیسكردنی ئاوی پاك و ڕووبارەكان بگرین. ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی پاك و خاوێنیی سەرچاوەكانی ئاوی پارێزگاكانی تری عێراق كە دەكەونە سەر ڕێڕەوی ڕووبارەكان، بەتایبەتی ڕووباری دیجلە.

ئێمە پلان و پڕۆژەی زۆر زیاتر و گرنگتریشمان هەیە بۆ هەموو شار و شارۆچكەكان و ناوچەكانی تری كوردستان و گەشبینین كە لە چەند ساڵی داهاتوودا، كوردستان وەرچەرخانێكی دیكە لە كاروانی پێشكەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت.

پێش ئەوەی بێمە ئێرە، من بە ڕێگەیەكدا هاتم، بە شەقامێكدا هاتم كە بەڕاستی شەقامێكی گونجاو نییە، و لێرەوە دەمەوێت بە جەنابی وەزیر بڵێم كە پەلە بكەن لە دروستكردنی ئەم شەقامە، بۆ ئەوەی خەڵكی ئەو ناوچەیەش بتوانن سوودمەند بن لە باشتركردنی شەقامەكان و كار و خزمەتگوزارییەكان.

لە كۆتاییدا، من جارێكی تر سپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەكتان بكەم، هەر شاد و تەندروست بن، كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.




وشە - رامیار جەواد