سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە باڵوێزی كۆریای باشوور لە عێراق كرد، باڵوێزی كۆریای باشوور پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو سەركەوتنە گەورەیەی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستی هێناوە.
ئەمڕۆ یەكشەم 16ی تشرینی دووەم، لە پیرمام سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە لی جونیل باڵوێزی كۆریای باشوور لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە سنچۆل لیم كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵوێزی كۆریای باشوور پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەو سەركەوتنە گەورەیەی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستی هێناوە، هەروەها ستایشی ئەو پێشكەوتن و گۆڕانكارییانەی كرد كە لە ساڵانی ڕابردوو لە سایەی سەقامگیری و پلانی ڕێكوپێك لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە.
ڕاشی گەیاند كە پێوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ گەلی كوردستان لە كاتی بوونی تیپی زەیتوون لە هەولێر هاتووەتە ئاراوە، ئێستە گەشەی زۆری لە بواری وەبەرهێنان و تەكنەلۆجیا و بوارەكانی تر بینیوە و هیوای خواست ئەو پێوەندییانە فراوانتر ببن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، دووپاتی لە دۆستایەتی و پێوەندیی نێوان گەلی كوردستان و گەلی كۆریای باشوور كردەوە. ئەوەشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان ڕوانگەیەكی زۆر ئەرێنییان بەرانبەر وڵاتی كۆریای باشوور و گەلەكەی هەیە. لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر مێژووی خەبات و كۆڵنەدانی گەلی كوردستان، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە هەر گەلێك ئیرادەی هەبێت، دواجار سەردەكەوێت و پێش دەكەوێت.
پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەكانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، هەروەها مەترسیی هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە، تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.