لەسەر دۆسیەی جووتیارەكەی سەرگەڕان، شەش دانیشتن بۆ دادگایی سەربازە عێراقییەكان، ئەوان لە بەردەم دادگا ئامادە نابن و كات دەكوژن. جووتیارەكەش دەڵێت، یەكێك لە سكاڵاكانی ئەمڕۆ سكاڵای من بووە كە لە سەرەتای ئەمساڵ دژی سوپای عێراق تۆمارم كردبوو، بەڵام نایدەنە دادگا.
ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی تشرینی دووەم، محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی كورد لە سەرگەڕانی سەربە پارێزگای كەركووك، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دادبینی هەبوو لەبارەی بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگای دووبز لەسەر چەند سكاڵایەكی جووتیارانی كورد و سوپای عێراق.
زیاتر گوتی، یەكێك لە سكاڵاكان دژی محەمەد ئیسماعیل جووتیارێكی كوردی شارەدێی سەرگەڕان و دوو سكاڵاكەی تر لەبارەی دوو دۆسیەی خۆمەوە بووە.
باسی لەوەش كرد، سكاڵاكەی سوپای عێراق دژی محەمەد ئیسماعیل بەتۆمەتی ناوزڕاندنی سوپای عێراق بووە، گوایە محەمەد ئیسماعیل لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك سووكایەتیی بە سوپای عێراق كردووە، هەروەها یەكێك لە سكاڵاكانی ئەمڕۆ سكاڵای من بووە كە لە سەرەتای ئەمساڵ دژی سوپای عێراق تۆمارم كردبوو، بەهۆی ئەوەی لەسەر تراكتۆر لە ڕێگەی ڕاكێشانی ملپێچەكەمەوە هەوڵی خنكاندنم درا، هەروەها سكاڵاكەی تریش سەربازەكەی سوپای عێراق بەتۆمەتی جنێو و ناوزڕاندن دژی من تۆماری كردووە.
ئەوەشی خستەڕوو، سكاڵاكەی خۆی دژی سوپای عێراق تا ئێستە دادبینی دادگای بۆ نەكراوە، بەهۆی ئەوەی ئەو سەربازەی هێرشی كردووەتە سەری لە دادگا ئامادە نابێت.