سەرۆك مەسعوود بارزانی، پێشوازیی لە كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئوردن كرد، لە دیدارەكەدا كونسوڵی تازەی شانشینی ئوردن سڵاو و ڕێزی تایبەتی شا عەبدوڵا، شای ئوردنی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەكشەم، 16ی تشرینی دووەم، لە پیرمام سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە (زیاد البطارسە) كونسوڵی گشتیی نوێی شانشینی ئوردن كرد كە بە مەبەستی خۆناساندن سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.
لە دیدارەكەدا كونسوڵی تازەی شانشینی ئوردن سڵاو و ڕێزی تایبەتی شا عەبدوڵا شای ئوردنی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند، ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە فەرمان و ئامۆژگارییەكانی شای ئوردن هەمیشە ئەوە بووە كە پێوندی و دۆستایەتی نێوان شانشینی ئوردن و هەرێمی كوردستان پتەوتر و فراوانتر ببێت.
كۆنسوڵی گشتیی شانشینی ئوردن پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەركەوتنی پارتی و بەدەستهێنانی زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ، وەكو بەڵگەیەكی ڕوون وەسفی كرد لەسەر پێگەی پارتی لەناو خەڵكی كوردستان کە ئەو پێشكەوتن و ئاوەدانییە لەسایەی پارتیدا هاتۆتە ئارا.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی شا عەبدوڵا و گەلی شانشینی ئوردنی كرد كە لە ڕۆژانی تەنگانەدا پشتیوانی گەلی كوردستان بوونە و شا عەبدوڵای وەك برا و دۆستێكی ئازیز لە قەڵەم دا. هەروەها دووپاتی لە قووڵتركردنی پێوەندی و دۆستایەتیی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن كردەوە.
پڕۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای هەڵبژاردن و بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.