كچە كوردێك سەربەخۆیی لەناو حزبێكی عەرەبی راگەیاند

:: PM:05:09:16/11/2025 ‌
دەریا خەیروڵا، تاكە ئەندامی كوردی پارێزگای دیالەیە، ئەمڕۆ وازهێنانی لە حزبەكەی بەناوی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی هێنا و دەڵێت، لەمەودوا بەشێوەی سەربەخۆ لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە كار دەكەم.

ئەمڕۆ یەكشەم، 16ـی تشرینی دووەم، دەریا خەیروڵا رەشید ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراق، بە سەرۆكایەتیی موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عیراق خۆی كاندید كردبوو و بووبوو بە ئەندامی ئەنجوومەن، وازهێنانی لەو هاوپەیمانەتییە راگەیاند.

دەریا دەڵێت، لەمەودوا بەشێوەی سەربەخۆ لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە كار دەكەم.

ئەو دەستلەكاركێشانەوەیە لە كاتێكدایە، هاوپەیمانیی ئەساس نەیتوانی هیچ كورسییەك لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی بۆ خوولی شەشەم بەدەست بهێنێت و لە 11ی تشرینی دووەم و تووشی شكست بوون، دوای ئەوەی لەگەڵ دەوڵەتی یاسا بە هاوپەیمانێتی "دیالە ئەوەلەن" بەشدارییان كردبوو بۆ ئەوەی زیاتر لە چەند كورسییەك بەدەستبهێنن.


وشە - رامیار جەواد