یەكێتی لە كوردستان رێگرە و لە بەغدا دەست پێشخەرە

:: AM:09:26:17/11/2025 ‌
بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ كۆتاهاتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، گەیشتە بەغدا و لە هەموو كۆبوونەوەكانی داوای پەلەكردنی لە پێكهێنانی حكوومەت كرد، نووسەرێكیش دەڵێت: لە كوردستان رێگرە لە پێكهێنانی حكوومەت.

هەنگاوەكانی یەكێتی لە دوای مردنی مام جەلالەوە هەمیشە بەرەو بەغدا بووە و هەوڵیان داوە بەغدایەكی بەهێز و كوردستانێكی لاواز دروست بێت.

لەوكاتەوەی بافڵ بووەتە كەسی یەكەمی یەكێتـی و هیچ گرووپ و كەسێكی تر نەماوە قسەیەك لە قسەیدا بكات، بەتەواوی ئەو حزبەی لە حزبێكی كوردستانییەوە كردووە بەعێراقی، ئەمە قسەی زانیار عەبدوڵای نووسەرە كە بەوردی لە گوتارێكیدا ئاماژەی پێ داوە.

زانیار دەڵێت: یەكێتـی هەر شتێك لە بەرژەوەندی كوردستان و بەهێزكردنی قەوارەی بێت، دژییەتی و ئەمەش ئەو خواستەیە هێزە عێراقییەكان دەمێك ساڵە هەیانە و ئێستە بەهۆی یەكێتییەوە بەئاواتی خۆیان گەیشتوون.

بافڵ تاڵەبانی كە لەم رۆژانە لە بەغدا بوو، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق دووپاتی لە پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەكردەوە، ئەوە لە كاتێكدایە زیاتر لە یەك ساڵە بوونەتە بەربەست لە بەردەم پێكهێنانی حكوومەت و كێشەی زۆریان بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان زیاتر لە ساڵێكە بەڕێوە چووە و تێیدا پارتی وەك هێزی یەكەم زۆرترین كورسییەكانی بردەوە، بەڵام بەهۆی ئەو هەلومەرجەی لە كوردستان لە دوای شەڕی ناوخۆ هاتە ئارا، دەبێت هەمیشە یەكێتی لە حكوومەت بەشدار بێت، بەڵام یەكێتی ساڵێكە رێگریی لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دەكات.



وشە - وشه‌