سوپای عێراق وەستێنرا

:: AM:10:49:17/11/2025 ‌
بەهۆی گوشارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپای عێراق لە رێگریی و دەستگرتن بەسەر زەویی جووتیارانی سنووری سەرگەڕان وەستێنرا، ئێستە جووتیاران بە ئاسوودەیی دەتوانن زەوییەكانیان بكێڵن.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی تشرینی دووەم، مەروان حوسێن یەكێك لە جووتیارەكانی سنووری سەرگەڕانە و بە "وشە"ـی راگەیاند، دوو هەفتەیە سوپای عێراق وازی لە هەموو رێگرییەك هێناوە لە جووتیاران.

زیاتر گوتی، لەسەر شەقامەكان بازگەكان ماون، بەڵام رێگریی لە جووتیاران ناكەن كەلوپەلەكانیان بۆ سەر زەوییەكانیان بگوازنەوە.

هاوكات محەمەد ئەمین نوێنەری جووتیارانی شەناغە، بە "وشە"ـی راگەیاند، سوپای عێراق فەرمانیان پێ كراوە رێگریی لە كێڵانی زەوی جووتیارە كوردەكان نەكەن.

باسی لەوەش كرد، سوپای عێراق لەو شوێنانە ماون، بەڵام دەستیان هەڵگرتووە لەو رێگرییانەی دەكرێت لە جووتیارانی كورد.

هاوكات "وشە" زانیویەتی بەهۆی گوشارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێستە رێگرییەكانی سوپای عێراق وەستاون.

ئەوە لە كاتێكدایە ساڵی رابردوو سوپای عێراق رێگەی نەدەدا جووتیارانی كورد زەوییەكانیان بە تەواوەتی بكێڵن.


وشە - رامیار جەواد