وەزارەتی كشتوكاڵ: لە دهۆك و زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین پەڵەی داوە

:: AM:11:13:17/11/2025 ‌
راوێژكارێكی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێم رای گەیاند، بەبارانی ئەم دوو رۆژەی لە كوردستان باریوە، لە دهۆك و زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین پەڵەی داوە.

دوای دواكەوتنێكی زۆر و وشكەساڵی و نەمانی دەیان سەرچاوەی ئاو، بارانی پایز دەستی پێ كرد و هیوا گەڕایەوە بۆ جووتیاران. بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵ، لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێم پەڵەی داوە.

ڕزگار حەمەخدر ڕاوێژكاری وەزارەتی كشتوكاڵ ڕای گەیاند، "بەگوێرەی داتای كەشناسی و بڕی بارانبارین، لە پارێزگای دهۆك و ئیدارە سەربەخۆكانی زاخۆ و سۆران و ڕاپەڕین، پەڵەی داوە."

بەڵام ئاماژەی بەوەش كرد، "لە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان، هێشتا پەڵەی نەداوە، چونكە ڕێژەی بارانبارین نەگەیشتووەتە ئاستی پەڵە.

بە گوتەی ڕاوێژكارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ، بۆ ئەوەی زەوی بە تەواوی تێرئاو بێت و پەڵە بدات، پێویستە لە نێوان 40 بۆ 60 ملم بارانی لێ ببارێت.

شارەزایانی كەشناسی پێیان وایە لە مانگی 12ی ئەمساڵەوە، بارانی باش روو لە ناوچەكانی كوردستان دەكات و زۆرینەی بارانەكەش دەكەوێتە كۆتایی زستان و سەرەتای بەهاری ئەمساڵ.



وشە - سۆران عەزیز