مریشك گران بوو

:: PM:12:02:17/11/2025 ‌
نرخی مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكان بەرز بووەتەوە و هۆكارەكەشی بۆ كەمبوونەوەی بەرهەمی كێڵگەكان دەگەڕێتەوە و زۆریی خواست لەسەری.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی تشرینی دووەم، زانا عەبدولكەریم ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، نرخی مریشك لە كێڵگە پەلەوەرییەكان بەرز بووەتەوە، مریشكی ناسك بە 2750 دینارە بۆ هەر كیلۆیەك، بە سێ‌ هەزار و 250 دەگاتە دەستی هاووڵاتی.

زیاتر گوتی، بەرەو زستان خواست لەسەر مریشك زیاتر دەبێت، بۆیە نرخی بەرز دەبێتەوە، لە هەمان كاتدا درەنگی بارانبارین نرخی عەلەفی گران كردووە.

باسی لەوەش كرد، مریشكی پیر كیلۆی بە سێ‌ هەزار و 250 دینارە، بەشێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی مریشك پێوەندیی بە كەمیی مریشك هەیە لە كێڵگە پەلەوەرییەكان و خواست لە خستنەڕوو زیاترە.

دەشڵێت، بۆ خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان، نرخی یەك كیلۆ مریشك لەسەر خاوەن كێڵگە پەلەوەرییەكان 2500 دینارە، ئەگەر لەو نرخە كەمتر بفرۆشرن زیان دەكەن، بەڵام بەكۆی گشتی ئێستە بە سێ‌ هەزار و 250 بۆ سێ‌ هەزار و 500 دەگاتە دەستی هاووڵاتی زۆرباشە.

هەرێمی كوردستان لە بەرهەمی مریشك ئاستی خۆبژێوی تێپەڕاندووە و ئێستە بەرهەمی دەنێرێت بۆ خواروو و ناوەڕاستی عێراق.


وشە - رامیار جەواد