هەڵگورد جوندیانی: رژدبوونی سەرۆك بارزانی وایكردووە هێز و لایەنەكانی عێراق سڵ لە پەلاماری كورد بكەنەوە

:: PM:12:05:17/11/2025 ‌
نووسەر و چاودێرێكی سیاسی رای دەگەیەنێت، پێشوازیكردنی سەرۆك بارزانی لە گەنجە ئازاردراوەكانی خورماتوو، هەم بۆ لایەنە عێراقییەكان و هەم بۆ خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، دوو پەیامی راشكاوانەی تێدا بووە.

هەڵگورد جوندیانی نووسەر و چالاكی سیاسی، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، پێشوازیكردنی سەرۆك بارزانی لەو گەنجانە، پەیامی زۆر ڕوون و ڕاشكاوانەی تێدابوو، بەتایبەتیش كە لە میانی پێشوازییەكەدا رای گەیاند: "هیچ كەس و لایەنێك بۆی نییە لە ژێر هیچ بیانوویەك سووكایەتی بە ئاڵای كوردستان یان ڕێگریی لە هەڵكردنی بكات."

رۆژی شەموو 15ی 11ی 2025 سەرۆك بارزانی، پێشوازیی لەو گەنجانە كرد كە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لەسەر بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان، لەلایەن هێزە تەناهییەكانی عێراقەوە ئازار دران.

هەڵگورد جوندیانی ئەوەشی خستە ڕوو: ”ئەو پەیامەی سەرۆك بارزانی دوو ئاراستەیە، ئاراستەی یەكەمیان بۆ دەوڵەتی عێراق و لایەنە سییاسییەكانیەتی و هۆشیاریی توندیان پێ دەدات، كە لەسەر بەرگریكردن لە ئاڵا و سەروەرییەكانی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، سازش ناكەن."

بە بڕوای هەڵگورد جوندیانی، ئاراستەی دووەمی پەیامەكە، بۆ كوردستانیانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمە و پێیان ڕادەگەیەنێت، هەرگیز دەستبەرداری ئەو ناوچە ڕەسەنانەی كوردستان نابن و خەڵكەكەشی بەتەنیا جێناهێڵن و پرسی ئەو دەڤەر و ناوچانەش لە كارە لە پێشینەكانی بەڕێزیاندایە.

رژدبوونی سەرۆك بارزانی وایكردووە هێز و لایەنەكانی عێراق، سڵ لە پەلامار و كێشە دروستكردن بۆ كوردانی دانیشتووی ناوچە كێشەلەسەرەكان بكەنەوە، چونكە دەزانن سەرۆك بارزانی و پارتی بەهەموو هێزیانەوە بەرگریی لە هەر كوردێكی مافخوراو دەكەن.



وشە - سۆران عەزیز