یەكەكانی 70 و 80 دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لە وەرگرتنی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان سوودمەند دەبن

:: PM:12:30:17/11/2025 ‌
لە چوارچێوەی یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە، هێزەكانی 80 و 70 دەكرێنە دوو فەرماندەی سەربە وەزارەتی پێشمەرگە و لە دوای ڕێكخستنیان لە چوارچێوەی پەیكەری وەزارەتی پێشمەرگە، سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی هاوكارییەكانی هاوپەیمانان".

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" هێزەكانی یەكەی 80 مامەڵەی گواستنەوەیان وەك فەرماندەییەك بەناوی "دەڤەر" تەواو بووە و خراونەتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بەمزووانەش هێزەكانی یەكەی 70 وەك فەرماندەییەك دەخرێنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە.

سەرچاوەیەكی وەزارەتی پێشمەرگە وردەكاریی گۆڕانكاریی پەیكەری وەزارەتەكەی بۆ "وشە" ئاشكرا كرد و گوتی، "وەزارەتی پێشمەرگە پەیكەری وەزارەتەكە نوێ دەكاتەوە، پەیكەرەكە لە سەرۆكایەتیی ئەركان شۆڕ دەبێتەوە بۆ دوو دەڤەری سەركردایەتیی سەربازیی یەك‌ و دوو.

باسی لەوەش كرد، هەر سەركردایەتییەكیش پێنج فیرقەی دەبێت ‌و هەر فیرقەیەكیش لە چەند لیوایەك پێكدێت ‌و سەرجەمیشیان دەچێنە ژێر كۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەوە".

باسی لەوەش كرد، ئەم كارانەش بەهاوكاری و هاوئاهەنگی هاوپەیمانان كراوە و ئەوان یارمەتیدەرن بۆ یەكخستنەوە و رێكخستنی پێشمەرگە.

دووپاتیشی كردەوە، "دوای یەكخستنی ئەو هێزانە لە چوارچێوەی ئەو فیرقانەدا، پێشمەرگە لە هەرێمی كوردستان یەك سەروەری و كۆنترۆڵی دەبێت، ئەویش وەزارەتی پێشمەرگەیە.




وشە - سۆران عەزیز