تێچووی حەجی ساڵی داهاتوو حەوت ملیۆن دینارە

:: PM:01:43:17/11/2025 ‌
بەرپرسێكی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رای دەگەیەنێت، تێچووی حەجی ساڵی داهاتوو حەوت ملیۆن و 100 هەزار دینارە.

ئەمڕۆ دووشەم 17ـی تشرینی دووەم، كاروان ستوونی گوتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، هەموو ئەو هاووڵاتییانەی دوێنی ناویان لە تیروپشك دەرچووە ئاگادار دەكەینەوە، دەتوانن بەیانی‌ سەردانی نووسینگەكانی حەج و عومرە بكەن بە مەبەستی تەواوكردنی مامەڵەكانیان و دانانی تێچووی حەج.

زیاتر گوتی، بەپێی ئەو داتایەی لە ژمێریاری حەج و عومرە وەرگیراوە، ئەمساڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕە پارەیەكی باش پاڵپشتیی پرۆسەی حەجی كردووە، بەمەبەستی كەمكردنەوەی تێچووی حەج لەسەر هاووڵاتییان، هەروەك ساڵانی رابردوو كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری مەسروور بارزانی، هاوكاری و پاڵپشتیی پرۆسەی حەج كراوە.

باسی لەوەش كرد، ئەمساڵ گەشتی وشكانی لە هەرێمی كوردستان بۆ حاجیان نابێت، حاجیانی كوردستان هەموویان بە گەشتی ئاسمانی گەشت دەكەن.

لەبارەی پێداویستییەكان بۆ تەواوكردنی مامەڵەی حەج، كاروان ستوونی باسی لەوە كرد، ئەوانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە، پێویستە بڕە پارەی دیاریكراو ئامادە بكەن كە حەوت ملیۆن و 100 هەزار دینارە، لەگەڵ پاسپۆرت و هەریەك لە كۆپیی رەنگاوڕەنگی پاسپۆرت و كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری لە یەك لاپەڕە كۆپی بكرێت، دواكات بۆ وەرگرتنی مامەڵەكان و پێدانی تێچووی حەج، رۆژی پێنجشەم 27ـی تشرینی دووەمی ئەم مانگەیە.



وشە - رامیار جەواد