عوسمان بایدەمیر سیاسەتمەداری باكوری كوردستان و پەرلەمانتاری پێشووی توركیا، بەپێویستی زانی هەولێر وەك پردێك بۆ بەیەكگەیاندنی قامیشلۆ و ئەنكەرە، رۆڵی زیاتری خۆی ببینێت و دووپاتیشی دەكاتەوە كە "دەرمانی دەردی كوردان یەكگرتنە".
بایدەمیر ئەمڕۆ چوارشەم لە شەشەمین كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست MEPS لە زانكۆی ئەمەریكی – دهۆك، لە گوتارێكدا ئەم قسانەی كرد و ئاماژەی بەوەش كرد، رێككەوتنامەی سایكس بیكۆ وەك كفنێك لە جەستەی كورد ئاڵاوە، تاكە چارەسەر و دەرمان یەكخستنەوەی گوتاری كوردی و یەكگرتنی كوردە.
روونیشی كردەوە كە یەكبوونی كوردان بەهیچ شێوەیەك هەوڵێك نییە بۆ دژایەتیی تاران، ئەنكەرە، دیمەشق و بەغدا. داواشی كرد كە رێككەوتنێكی بەهێزی نەتەوەیی ناوخۆ لەناو كورداندا هەبێت.
عوسمان بایدەمیر بە گرنگی زانی رۆحی بەرخۆدانی كۆبانی كە تێیدا پێشمەرگە و شەڕڤان بەیەكەوە دەجەنگان، هەمان ئەو رۆحییەتە لە كاری دیپلۆماسی كوردی بەكار بهێنرێت و بۆ زیاتر پشتگیریكردنی رۆژئاوی كوردستانیش گوتی، "با هەولێر ببێتە پردی بەیەكگەیاندنی قامیشلۆ و ئەنكەرە".
ئاماژەی بەوەش دا، لە دنیادا هیچ شتێك لە ئارامی و ئاشتی باشتر نییە، خەباتی پیرۆز سازشكردنە، هەروەها سوپاسی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستانی كرد بۆ ئەم بانگهێشتكردنەی بۆ مێپس.